حكوومەتی عێراق 520 ملیار دینار مووچەی فەرمانبەرانى بۆ كوردستان نارد

:: PM:07:47:17/02/2019 ‌
دوای پەسند كردنی بودجەی 2019، حكوومەتی عێراق مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە و خانەنشیانی كوردستانی رەوانە  كرد، جێگری سەرۆكی پەرلەمان و پەرلەمانتارێكی لیژنەی دارایی دووپات لە ناردنی دەكەنەوە و دەڵێن، جیاوازی مانگەكانی تریش دەبێت بنێرێت.

دكتۆر بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بۆ "وشە" ئاماژەی بە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكوومەتی عێراق بەگوێرەی بودجەی پەسند كراو كە 454 ملیار دینارە و هی پێشمەرگەش 68 ملیار و خانەنشینانیش كە 122 ملیار دینارە دا و ڕوونی كردەوە كە ئەگەر تا ئەمڕۆ یەكشەم 17ی شوبات، ئەو بڕە پارەیە نەگەیشتبێتە كوردستان ئەوا لە چەند رۆژی داهاتوو، دەبێت بگات.

روونی كردەوە بەگوێرەی بودجەی پەسند كراو، دەبێت جیاوازی مانگی كانوونی دووەمیش رەوانە بكرێت كە وەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێ، تەنیا 317 ملیار دینار لە بەغداوە هاتووە.

ئەو گوتی "مەسەلەی مووچەی فەرمانبەران هیچ پێوەندی نییە بەوەی بودجە كەی پەسند دەكرێت، ئەوە پرسێكی یەكلا كراوەیە و مانگانە لە كاتی خۆیدا دابەش دەكرێت".

لە بارەی ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێ، بە پێی رێككەوتنی سیاسییان لەگەڵ بەغدا لە 2018، هێشتا سێ مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان كە بۆ هەر مانگێك 317 ملیار دینارە، لە بەغداوە نەهاتووە، گوتی "رێككەوتنی سیاسی پرسێكی ترە، بەڵام ساڵی دارایی لە مانگی 12 كۆتایی دێت، لە مانگی یەكی ساڵی نوێ، مووچە لەسەر بودجەی ساڵی نوێ هەژمار دەكرێت و بەگوێرەی بودجەش ئەو بڕە پارەیەی بۆ مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە و خانەنشینان دەستنیشان كراوە دەبێت بۆ كوردستان رەوانە بكرێت".

لای خۆیەوە جەمال كۆچەر پەرلەمانتاری لیژنەی دارایی بۆ "وشە" ئاماژەی بەوەدا كە حكوومەتی عێراق مانگانە لەگەڵ مووچەی فەرمانبەرانی عێراقی كە دوای 15ی مانگ دەست بە دابەشكردنی دەكرێت، ئەوا مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگە و خانەنشینانیش رەوانە دەكات.

ئەو گوتی "بە پشت بەستن بەوە بێت دەبێت بەغدا دەستی بە ناردنی ئەو 454 ملیار دینارەی فەرمانبەران كردبێت، لەگەڵ ئەوەی پێشمەرگە و خانەنشینان"، زیاتر گوتی "تەنانەت بەپێی هەندێك زانیاری لە مانگی رابردووەوە بەغدا 454 ملیار دیناری ناردووە نەك ئەم مانگە".

ئەو پەرلەمانتارەی یەكگرتووی ئیسلامی، هاوڕا بوو لەگەڵ دكتۆر بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی پەرلەمان كە ئەگەر بۆ مانگی رابردوو 317 ملیار دینار هاتبێت ئەوا لەم مانگەدا دەبێت جیاوازییەكەش بۆ كوردستان رەوانە بكرێت.

ناردنی 520 ملیارەكە لەلایەن حكوومەتی عێراق بۆ مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان لە ساڵی 2019 لە كاتێكدایە ئێستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان مووچەی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2018 دابەش دەكات، مووچەی مانگی كانوونی دووەمی 2019ی بە فەرمانبەران نەداوە.

بە هاتنی ئەو بڕە پارەیە لە بەغدا، روون نییە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پاشەكەوت لەسەر مووچە هەڵدەگرێت یان نا، بەڵام چاوەڕوان دەكرێت لە كابینەی نوێی حكوومەتدا پاشەكەوت لەسەر مووچەی فەرمانبەران هەڵبگیرێت.



وشە - فه‌رمان سادق