راهێنەرانی وەرزشی رێنوێنی دەدەن بەوەی ئەو كەسانەی بۆ یەكەمجار لە هۆڵەكانی وەرزشی دەست بە راهێنان دەكەن، زۆرجار تووشی هەڵەی باو دەبنەوە و ئەوەیش بە پێچەوانە و بە شێوەیەكی نەرێنی كار دەكاتە سەر راهێنانەكانیان بۆ قۆناغی داهاتوو.
وەك رۆژنامەی
"دەیلی مێڵ"ی بەریتانی دەڵێت، گەورەترین هەڵە كە كەسانی تازە دەستیان بە راهێنانی وەرزشی كردووە لە هۆڵەكان، دیاری نەكردنی ئامانجێكی دیاریكراو و كردەنییە بۆخۆیان، جیا لە خواستیان بۆ گەیشتن بە ئەنجامی خوازراو لە ماوەیەكی زۆر كورتدا.
بەشێك لەوانەی راهێنانی وەرزشی دەكەن غافڵ دەبن لە وەرگرتنی بڕی پێویستی حەسانەوە و خەوتن، هەندێكی تریان گرنگی بە خۆراكی گونجاو نادەن، بۆیە ئەوان بەردەوام دەبن لە خۆماندووكردن بێ رەچاوكردنی ریجیم و هاوسەنگی لە نێوان ئەو مادانەی دەیخۆن و راهێنانەكانیان.
فەرەح فۆرسیكا، كە دووجار نازناوی ئەهێزترین ژنی لە بەریتانیا بەدەست هێناوە دەڵێت، بەشێك لەوانەی دەست بە وەرزشكردن دەكەن، خواستی شتی ناكردەنییان هەیە كە ناتوانن بە تێپەڕبوونی كات پارێزگاری لەو خواستەیان بكەن، بۆیە خەڵكەكە زۆر جار نایانەوێت شێوازی ژیانیان بە شێوەیەكی ریشەیی بگۆڕَن و ئەو كارەیش وا دەكات راهێنەران ئامانجی سووك و ئاسانیان بۆ دابنێن بۆ ئەوەی بتوانن پێی بگەن.
توێژینەوەكان دەری دەخەن كە 80%ی ئەو كەسانەی دەست بە راهێنانی وەرزشی و ریجیمی قوڕس دەكەن، لە ماوەی چەند هەفتەیەك یان چەند مانگێك دەگەڕێنەوە سەر ژیانی پێشوویان، بۆیە پێویستە ئاگەداری جۆری خۆراك و كاتی خواردن و پێویستییەكانی لەش لە وزە و ڤیتامینات ببن، هەروەها لەش ناوە ناوە پێویستی بە حەسانەوە هەیە كە دەتوانن هەفتانە رۆژێك رێست وەربگرن.