پەرلەمانتارێك: پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێم ئامادەیە و ڕەوانە دەكرێت

:: PM:11:21:17/02/2019 ‌

پەرلەمانتارێكی كورد ئاشكرای دەكات كە وەزارەتی بازرگانی عێراق پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستانی ئامادە كردووە و لە داهاتوویەكی نزیكدا بۆ هەرسێ ساڵەكە پێكەوە ڕەوانەی هەرێمی كوردستان دەكرێت، شێوازی وەرگرتنی گەنم بۆ ئەمساڵیش دیاری دەكات.

میران محەمەد، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ یەكشەم بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە دوو شوێنەوە مافی جووتیارانی كوردستان چەسپێنراوە بۆ وەرگرتنی پارەی گەنمەكانیان، ئەوانەی پارەی سێ ساڵی ڕابردوویان وەرنەگرتووە و چەند ساڵە لە چاوەڕوانی ئەو پارەیەدان.

زیاتر گوتی، لە لایەكەوە یاسای بودجە مادەیەكی تێدایە كە باس لەوە دەكات پارەی ساڵەكانی 2014 بۆ 2016ی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان پێكەوە دابەش دەكرێت، لە لایەكی تریشەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو وەزارەتی بازرگانی عێراق بڕی 500 ملیار دیناری پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان وەرگرتووە و بڕی 70 ملیاری ماوە، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوو ئەو 70 ملیار دینارەیش وەربگرێت و تەواوی پارەكە پێكەوە ڕەوانەی هەرێمی كوردستان بكرێت بۆ جووتیاران.

محەمەد دووپاتی كردەوە، شێوازی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمساڵ وەك خۆیەتی و هیچ گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە، بەپێی ئەو ڕێژەیە كە بۆی دیاری كراوە لە نێوان 300 بۆ 400 هەزار تۆن بۆ هەر سێ پارێزگا، وەك نوێنەرانی كورد لە داهاتوودا كە گەڕاینەوە، ئیش لەسەر ئەوە دەكەین كە ئەنجوومەنی وەزیران پابەندی ئەوە بكەین هاوردەی گەنم لە سووریا و وڵاتانی تر ڕابگرێت، بۆ ئەوەی زۆرترین گەنم لە جووتیارانی هەرێم و عێراق وەربگیرێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل