كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك كە بڕیار بوو ئەمڕۆ بەڕێوە بچێت، دواخرا و ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگا هۆكارەكەی ئاشكرا دەكات.
ئەمڕۆ دووشەم 18ـی شوبات، جوان حوسێن ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دوا خراوە بۆ كاتێكی نادیار.
ئەندامەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە بارەی هۆكاری دواخستنی كۆبوونەوەكە گوتی، بەهۆی رێكنەكەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەكان كۆبوونەوەكە ناكرێت.
دوێنێش فراكسیۆنە عەرەبی و توركمانەكان لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایان كرد، بەشداری هیچ كۆبوونەوەیەك ناكەن ئەگەر لە دەرەوەی شاری كەركووك ئەنجام بدرێت.
دوای ڕووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەر شاری كەركووك بارودۆخی سەربازیی بەسەر چەسپێنراوە و هاووڵاتییان لە دۆخێكی سەخت ژیان دەكەن و پارێزگارە شۆڤینییەكەشی بە ئارەزووی خۆی بڕیار دەردەكات و هیچ كەسێك نییە لێپرسینەوەی لەگەڵ بكات یان بڕیارەكانی ڕەت بكاتەوە.
بڕیار بوو ئەمڕۆ دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بەڕێوە بچێت و بۆ ئەو مەبەستەش بەرنامەی كاری دانیشتنەكە لەلایەن سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا بڵاو بكرایەوە كە گفتوگۆ دەبێت لەسەر ئاساییكردنەوەی دۆخی تەناهیی شارەكە.