تا ئێسته ئاماده‌كارییه‌كان بۆ كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان به‌رده‌وامه و هێشتا یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان ئاسته‌نگى به‌رده‌م ئه‌نجامدانى كۆبوونه‌وه‌كه‌یه، به‌ڵام په‌رله‌مانتارانى فراكسیۆنه‌كانى تر‌ى په‌رله‌مانى كوردستان سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ده‌بێ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى په‌رله‌مان ئه‌نجام بدرێ.
بڕیاره سه‌عات 11ى سه‌رله‌به‌یانى ئه‌مڕۆ دووشه‌م 18ى شوبات، كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان ئه‌نجام بدرێ و ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى كوردستان هه‌ڵبژاردنى بۆ بكرێ. یه‌كێتى به‌هۆى ڕێكنه‌كه‌وتنى له‌گه‌ڵ پارتى تا ئێسته په‌رله‌مانتاره‌كانى ڕه‌وانه‌ى په‌رله‌مان نه‌كردووه.
به‌پێى به‌ركه‌وته‌ى هه‌ڵبژاردن پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان به‌ر یه‌كێتى ده‌كه‌وێت و له‌ناو یه‌كێتیش تا ئێسته هیچ كه‌سێك بۆ ئه‌و پۆسته یه‌كلا نه‌كراوه‌ته‌وه كه ئه‌وه‌یش هۆكارێكى تر‌ى داواكارى یه‌كێتییه بۆ دواخستنى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى په‌رله‌مانى كوردستان.
رێڤینگ هروورى سه‌رۆكى كاتى په‌رله‌مانى كوردستان بۆ "وشه" دووپاتى له‌وه كرده‌وه كه تا ئێسته كۆبوونه‌وه‌كه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان له واده‌ى دیار كراوى خۆیدا ده‌كرێ.
له‌لایه‌كى تره‌وه هێمن هه‌ورامى كاندیدى پارتى بۆ پۆستى جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مان له لێدوانێكى ڕۆژنامه‌وانى گوتى، ئه‌مڕۆ كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌كرێ.
به‌پێى زانیارییه‌كانى "وشه" له ئه‌گه‌رى به‌شدارى نه‌كردنى فراكسیۆنى یه‌كێتى له كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى په‌رله‌مانى كوردستان ئه‌وه فراكسیۆنى نه‌وه‌ى نوێ كاندید بۆ سه‌رۆكایه‌تییه‌كانى په‌رله‌مان پێشكه‌ش ده‌كات كه بریتیین له " سیپان ئامێدى و كاوه عه‌بدولقادر و یه‌كێكى تر له ئه‌ندامانیان" هاوكات له به‌رانبه‌ردا فراكسیۆنى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان كاندیدى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى ئاماده‌یه كه " ڤاڵا فه‌رید" بۆ ئه‌و پۆسته كاندید كراوه.