ماڵپەڕی (سپۆڕت میدیاسێت)ی ئیتاڵی زانیاری لەسەر دەستەوارەكەی یانەی یۆڤێنتۆس بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ مارسێلۆی بەرگریكاری بەڕازیلی و یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی ئاشكرا كرد.
لە ماوەی رابردوودا دەنگۆی ئەوە هەبوو كە مارسێلۆ لە كۆتایی ئەم وەرزەدا دەچێتە یانەی یۆڤێنتۆس بۆ ئەوەی دووبارە لەگەڵ كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی یاری بكاتەوە.
یانەی یۆڤێنتۆس دەیەوێ بە فەرمی دەستەوارەیەك پێشكەش بە یانەی ریال مەدرید بكات كە نرخەكەی 40 تا 45 ملیۆن یۆرۆ بێت بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ مارسێلۆ.
ئامادەشە مووچەی ئەو بەرگریكارە بەڕازیلییە بكات بە 8 ملیۆن یۆرۆ بۆ ئەوەی رازی بێت وەرزی داهاتوو لە خولی ئیتاڵیا یاری بكات.
رۆژنامەی (كالچیۆ میركاتۆ)ی ئیتاڵی بڵاوی كردەوە كە كێشەی سەرەكی یانەی یۆڤێنتۆس بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ مارسێلۆ بوونی ئەلێكس ساندرۆیە كە گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی ئیتاڵییەكە تا ساڵی 2023 درێژەی هەیە.
بەرپرسانی یانەی یۆڤێنتۆس دەیانەوێ لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا ساندرۆ بفرۆشن كە نرخەكەی زیاتر لە 50 ملیۆن یۆرۆ دەبێت بۆ ئەوەی بە پارەكەی تواناكانی مارسێلۆ بەدەست بێنن.