ئینتەر میلان بڕیاری كۆتایی لەسەر ئیكاردی داوە

:: AM:10:14:18/02/2019 ‌

یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵی بڕیاری كۆتایی لەسەر هێرشبەرە ئەرجەنتینییەكەی ماورۆ ئیكاردی داوە.

ئیكاردی رەتی كردۆتەوە گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی ئینتەر میلان نوێ بكاتەوە بەهۆی رازی نەبوونی یانەكە بە زیادكردنی مووچە ساڵانەكەی بۆ 8 ملیۆن یۆرۆ، بەمەش یانەكە لە چەند رۆژی رابردوودا بڕیاری دا نیشانەی كاپتنی تیپەكەی لەو هێرشبەرە ئەرجەنتینییە بستێنێتەوە.

رۆژنامەی (كۆریری دیلۆ سپۆڕت)ی ئیتاڵی ئاشكرای كرد: بەرپرسانی یانەی ئینتەر میلان بڕیاری كۆتاییان لەسەر ئیكارد داوە و لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا دەیفرۆشن.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد كە لە داهاتوودا هەر چی روو بدات، سەرۆكایەتی یانەی ئینتەر میلان لە بڕیاری فڕۆشتنی ئیكاردی لە كۆتایی ئەم وەرزەدا پەشیمان نابێتەوە.

رەنگە وێستگەی داهاتووی ئیكاردی بۆ وەرزی داهاتوو هەر لە خولی ئیتاڵیا بێت، بەڵام ئەمجارەیان لە ریزی یانەی یۆڤێنتۆس.

جێی باسە ئیكاردی ماوەی چەند ساڵێكە لەلایەن چەندان گەورە یانەی ئەوروپاوە داوا دەكرێ لەسەرووی هەمووشیانەوە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانییە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م