ئارسین ڤینگەری فڕەنسی هۆكاری رەتكردنەوەی وەرگرتنی ئەركی راهێنەرایەتی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لە چەند بۆنەیەكدا ئاشكرا كرد كاتێك راهێنەری یانەی ئارسناڵی ئینگلیزی بووە.
ڤینگەر /69 ساڵ/ لە كۆتایی وەرزی رابردوو دەستبەرداری راهێنەرایەتی یانەی ئارسناڵ بوو، هەروەها هاوینی رابردوو یەكێك بوو لە بژاردەكانی سەرۆكایەتی یانەی ریال مەدرید بۆ شوێنگرتنەوەی زێنەدین زێدانی راهێنەری فڕەنسی.
ڤینگەر لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد: لە رابردوودا چەند جارێك دەنگۆی ئەوە هەبوو كە ببمە راهێنەری یانەی ریال مەدرید، بەڵام ئەو كات پێموابوو كاتی جێهێشتنی یانەی ئارسناڵ نییە، چونكە چەندان هیوا و ئامانجم هەبوو لەگەڵ یانەكەمدا.
سەبارەت بە ئەگەری وەرگرتنی ئەركی راهێنەرایەتی یانەی ریال مەدریدیش لە داهاتوودا ڤینگەر رایگەیاند: بۆ داهاتوو ناتوانم وەڵام بدەمەوە و راستییەكەشی نازانم چی روو دەدات، چونكە ئێمە لە ئێستاداین، ئەگەریش ئەمە رووی دا بە هەمانشێوە نازانم چی روو دەدات و هەڵوێستم چی دەبێت.
ڤینگەر ئێستا بێ كارە و پاڵێوراوی چەند یانەیەكی گەورەی ئەوروپاشە بۆ وەرزی داهاتوو، بەڵام ئەو راهێنەرە تا ئێستا هیچ وێستگەیەكی هەڵنەبژاردووە تەنیا ئەوە نەبێت كە ئەركی راهێنەرایەتی هیچ یانەیەكی ئینگلیزی وەر ناگرێ، ئەویش بەهۆی یانەی ئارسناڵەوە.