پارتی و گۆڕان بە فەرمی رێککەوتنیان واژوو کرد

:: PM:12:05:18/02/2019 ‌
پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە هاوینەهەواری پیرمام ڕێككەوتنی نێوانیان واژوو كرد 

ئەمڕۆ دووشەم 18ـی شوبات، لە هاوینەهەواری پیرمام دوای ڕێككەوتنی نێوان پارتی و گۆڕان، ڕۆژ نووری شاوێس لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، دامەزراندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەیە بەیەكەوە كار بكەین و دەرگاش كراوەیە بۆ هەموو حزبەكان بێنە ناو ڕێككەوتن و بۆ ئەوەی كاری وڵات بچێتە پێش.

ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسیی پارتی گوتی، ئێمە گفتوگۆمان لەگەڵ یەكێتی بەردەوامە و بە گرنگی دەزانین یەكێتی ببن بە كۆڵەگەی حكوومەت و لەگەڵ گۆڕانیش لەسەر پۆستەكان ڕێككەوتووین، بۆیە ڕێژەی دەنگەكان كار دەكاتە سەر دابەشكردنی پۆستەكان، بۆیە جێبەجێكردنی كاروباری حكوومەت و خزمەتكردنی زیاتر متمانە لە نێوان هەمووان دروست دەبێت.

هاوكات جەلال جەوهەر ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان گوتی، هیوادارین ڕێككەوتنی سیاسی ببێتە بنەمایەك بۆ كاری حكوومەت و ئەو هێز و سیاسییانە بێن و حكوومەتێكی باش و قۆناغێكی پڕ كێشە و دەردەسەری لێی دەرباز بین و بەداخەوە لە كوردستان و عێراق و ئەزموونی ناخۆش هەیە، بۆیە هەمیشە ڕێككەوتنەكان بەگوێرەی پێویست جێبەجێنەكراون، بەڵام هیوادارین لە ئایندە ئەو ڕێككەوتنە ببێتە هێزێك بۆ بنچینەیەك بۆ ناو لایەنە سیاسییەكان.

ئەندامەكەی خانەی ڕاپەڕاندن گوتی، پێویستە لە ڕێككەوتنی لە شێوەیە بڕوا بەیەكتر بهێنین، بۆیە داوا لەهەموو لایەنە سیاسییەكان دەكەین هەموویان پابەند بن پێیەوە.





وشە - رامیار جەواد