ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لەسەر هێرشكردنە سەر نەخۆشخانەیەك هاتە دەنگ

:: PM:01:33:18/02/2019 ‌
ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لەسەر هێرشكردنە سەر نەخۆشخانەیەكی هەولێر لەلایەن كەسێكەە هاتە دەنگ و داوا لە دەزگە ئەمنییەكان دەكات سنوورێك بۆ ئەو ڕەفتارانە دابنرێت.

ئەمڕۆ دووشەم 18ـی شوبات، لە ڕاگەیەنراوێكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر هاتووە، سەبارەت بەهەڵكوتانە سەر نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژئاوا لەلایان هاووڵاتییەك بەچەك و سووكایەتیكردن بە پزیشك وكارمەندانی ئەم نەخۆشخانەیە بۆیە وەك ئەنجوومەن بەتوندی دژی ئەمجۆرە كردەوانە دەوەستنەوە.

لە بەشێكی ڕاگەیەندراوەكە داوا لە دەزگا ئەمنی و لایەنە پێوەندیدارەكان دەكرێت سنوورێك بۆ ئەمجۆرە كردەوانە دابنێن.

ڕۆژی شەموو 16ـی شوبات، نەخۆشخانەی فریاكەوتنی ڕۆژئاوای شاری هەولێر بڵاوی كردووەتەوە، دوای ئەوەی شەوی پێنجشەم لەسەر هەینی 2019/2/14  سەعات 11 و 20 خولەكی شەو نەخۆشێك دوو هاوەڵی لەگەڵ بوو، یەكێك لەهاوەڵەكانی بەبێ هیچ بیانووێك چەكی دەمانچەی دەرهێنا لە ڕووی ژمارەیەك لە پزیشك و كارمەندانی ئێشكگری پێشوازی و هەڕەشەی كوشتنی لێ دەكردن.

نەخۆشخانەی فریاكەوتنی ڕۆژئاوا ئاشكرای كردووە،  هەرچەندە دەستبەجێ پێشوازی لە نەخۆش كرابوو و پشكنینی پزیشكی و چارەسەری پێویستی بۆ كرا، دواتر هاوەڵی نەخۆشەكە نەخۆشخانە بەجێدەهێڵێت، بۆ ئەم مەبەستە ناڕەزایی توند دەردەبڕین و سكاڵای یاسایی بەرانبەر ئەم تاوانە تۆمار دەكەین و بەهیچ شێوەیەك قبووڵی ئەم هێرشە ناڕەوایە ناكەین.

ئەو نەخۆشخانەیە لەبەرانبەر ئەو مەترسییە داوای بەپەلە لە لایەنی پێوەندار و دەزگا تەناهییەكان دەكات كە ڕێكاری یاسایی بگرنەبەر بۆ ئەو جۆرە هێرش و تاوانە، داوایش لە هاووڵاتییانی دەكات كە ڕێز لە نەخۆشخانە و پزیشك و كارمەندان بگرن و هاوكاری ڕێگەگرتن بن لەم جۆرە هەڵسوكەوتانە و بەرژەوەندی و مافی پزیشكان و كارمەندانی نەخۆشخانە لەبەرچاو بگرن كە شەو و ڕۆژ لە خزمەتی بەرژەوەندی گشتیدا كار دەكەن.






وشە - رامیار جەواد