هاوپەیمانی نیشتمان لەسەر كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان ڕاگەیەندراوێك بڵاو دەكاتەوە ئاشكرای دەكات كۆبوونەوەی چاوەڕوانكراوی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بە گرنگ دەزانین بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان.
ئەمڕۆ دووشەم 18ـی شوبات، لە ڕاگەیەنراوێكی هاوپەیمانی نیشتمانی هاتووە، سەرەڕای بەكراوەیی جێهێشتنی كۆبوونەوەی یەكەمی ئەم خولەی پەرلەمان، كۆبوونەوەی چاوەڕوانكراوی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بە گرنگ دەزانین بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، بۆ دەستكردن بە كار و جێبەجیكردنی ئەركی پەرلەمان لە یاسادانان و چاودێریكردن، بەو پێیەی دواكەوتنی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و لیژنەكان، زیانی بە پێگەی سیاسی و ناوبانگی هەرێمی كوردستان گەیاندووە و پرۆسەی دیموكراسی و دۆخی سروشتیی كاری دامەزراوە یاساییەكانی خستۆتە ژێر پرسیار، ئەمە جگە لەوەی دواكەوتنی دەستبەكاربوونی پەرلەمان كاریگەریی نەرێنیی لەسەر دۆخی ژیان و بژێویی هاووڵاتیان بووە و دەبێت، بۆیە هیوادارین بە زووترین كات كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجامبدرێت و تەواوی فراكسیۆن و پێكهاتە جیاوازەكان بەشداربن.
هاوپەیمانی ئاشكرای كردووە، لە سەروبەندی دەستپێكی كاری پەرلەمان و پێكهێنانی حكوومەتی داهاتوو، هاوپەیمانیی نیشتمانی لەگەڵ بوونی پەرلەمانێكی كارا و حكوومەتێكی خزمەتگوزاردایە، هاوپەیمانی بە ئەركی نیشتمانی و ستراتیجیی خۆی دەزانێت كە چاودێری كارەكانی حكوومەت بكات و ڕەخنە لە كەموكورتییەكان بگرێت، وێڕای ئەوەش، پڕۆژە یاسا پێشكەش بە پەرلەمان و حكوومەت دەكەین كە لە بەرژەوەندی و خزمەتی هاووڵاتیاندا بێت، هاوپەیمانی ئامادەیە بۆ هاوكارییكردنی حكوومەت و پەرلەمان لەو بابەت و پرسانەی كە خزمەت بە پرسە نیشتمانییەكان دەكەن، بۆیە هیوادارین ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان لە جێبەجێكردنی ئەركە دیاریكراو و یاساییەكانیدا سەركەوتوو بێت، هەروەها حكوومەتێكی خزمەتگوزار و هاووڵاتی دۆست پێكبێت.
هاوپەیمانیی نیشتمانی بەرهەڵستكارێكی رژد دەبێت بۆ دیاردە و دەردی گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی و سەرچاوەكانی وزە، بۆ ئەم مەبەستەش هەماهەنگیی تەواومان دەبێت لەگەڵ فراكسیۆنەكانی پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دڵنیاین گەر ویستی چاكسازی هەبێت، توانای باشتركردنی دۆخی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و ژیانی هاووڵاتیان هەیە.
ئاماژە دراوە، هەرچی تایبەتە بە بەشدارییپێكردنی پێكهاتەی توركمان و پێدانی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، هاوپەیمانیی نیشتمانی لە بڕوابوونی بە ستراتیجییەتی پێكەوەژیانی سیاسی و نەتەوەیی پشتگیری لەو هەنگاوە دەكات و خوازیارە پێكهاتەكانی دیكەی مەسیحی و ئێزدی و كاكەیی ڕۆڵی گرنگ و كارایان پێبدرێت لەپێناو دروستكردنی ژیانێكی شایستە بە هاووڵاَتیانی هەرێمی كوردستان.