لە شوێنی خاڵە گومرگییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا گرووپی میلیشیاكان پارە لە شۆفێران وەردەگرن

:: PM:07:31:18/02/2019 ‌
لە دوای لادانی خاڵەگومركییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەلایەن سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە، گرووپی عەسائبی ئەهلی حەق دەستی كردەوە بەدانانی بازگە لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا و پارە لە شۆفێران وەردەگرن.
 
شاخەوان عەزیز، وەك كاسبكارێكی دانیشتووی كەلار بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، دوای بڕیاری لادانی خاڵە گومركییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا دەستمان بەگواستنەوەی كەلوپەل بۆ بەغدا و بە پێچەوانەوە كردووە، بەڵام ئەمڕۆ لەلایەن گرووپێكی حەشدی شەعبیەوە لە نێوان خورماتوو و ئامرلی بازگە دانرا و بە زۆر پارە لە شۆفێران وەرگیرا.
 
روونیشی كردەوە كە بەگوێرەی قەبارەی باری شۆفێران و جۆری كەلوپەل لە 100هەزارەوە بۆ 300 هەزار سەرانە لە شۆفێران وەردەگیرێت.
 
هەروەك ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە دانانی خاڵی گومركی لە نێوان كەركووك و دیالە لە ناوەراستی مانگی 11ی ساڵی پار لەلایەن پارێزگاری سەپێنراوی كەركووكەوە بووە هۆكاری كارنەكردن و بارنەبردنی شۆفێران بۆ بەغدا و بە پێچەوانەوە.
 
لای خۆیەوە سەردار ئەحمەد ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانی شارۆكەی خورماتوو، بۆ "وشە" ئەوەی خستەروو، تەنیا بازگەی "قۆروی چا" لە نێوان خورماتوو و كفری فەرمییە ئەویش پۆلیسی لێیە لەگەڵ بازگەیەكی "سلێمان بەگ" كە پۆلیس و سوپای لێیە لە نێوان كەركووك و دیالە. هەروەك دووپاتی لەوە كردەوە كە نابێ لە دوای لادانی خالەگومرگییەكان پارە لە بازرگاكان وەربگیرێت.
 
"وشە" لە رێی شایەتحاڵەكانەوە زانیویەتی گرووپی "عەسائبی ئەهلی حەق" دەستی بەدانانی بازگە و سەرانە وەرگرتن كردووە.
 
گەرمیان / سەبری هۆرێنی




وشە - سه‌رخێڵ هاشم