زۆر ڕووداوی مێژووی هه‌ن كه بوونه‌ته خاڵی وه‌رچه‌رخان و گۆڕانكاری له مێژوو و ڕیشه‌ی وڵات یان كیشوه‌ر یان ته‌واوی دنیا، یه‌كێك له‌وانه شۆڕشی فڕه‌نسییه كه به سه‌ره‌تای ڕۆشنبوونه‌وه‌ی گه‌لانی ئه‌وروپا له ژێر ده‌ستی پاشا زۆرداره‌كان و كڵێسا داده‌نرێ، كاریگه‌ری قووڵی له‌سه‌ر هزر و بیركردنه‌وه‌ی خه‌ڵكی داناوه و به ته‌واوی ڕێره‌وی ده‌سه‌ڵات و فه‌رمانڕه‌وایی له وڵاتان بۆ سه‌رده‌مێكی تر گۆڕیوه.
كڵپه‌ی ئه‌م شۆڕشه له 1789ی زاینی ده‌ستی پێكرد و تا كۆتایی ساڵی 1790 نه‌كوژرایه‌وه و سه‌رجه‌م ئامانجه‌كانی خۆی پێكا، گه‌رچی سه‌ره‌تا شۆڕشێكی مه‌ده‌نی و ئاشتیخواز بوو، بۆ له‌ناوبردنی سته‌می پاشا هه‌ڵگیرسا، به‌ڵام دواتر كه ناپۆلیۆن چووه سه‌ر شه‌پۆلی شۆڕشه‌كه و ده‌سه‌ڵاتی گرته ده‌ست له پاشا‌كان سته‌مكارتر بوو و خوێنی زیاتری ڕشت و گه‌لی فڕه‌نسای دووباره به‌ره‌و مه‌ینه‌تی و سته‌م برده‌وه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌یش له ڕووی هزرییه‌وه، شۆڕشی فڕه‌نسی راچڵه‌كین و به ئاگاهاتنه‌وه‌یه‌كی مه‌زن بوو، ئیتر خه‌ڵكی ترسیان له ده‌سه‌ڵاته‌كان نه‌ما و ته‌واوی دامه‌زراوه‌كانی فه‌رمانڕه‌وایی سه‌رده‌می پاشایه‌تی هه‌ڵوه‌شایه‌وه و دووباره سیسته‌می وڵات و دامه‌زراوه‌كان به جۆرێكی نوێ و جیاواز له‌و سیسته‌مه‌ی كه سه‌ده‌كانی كۆنه‌وه به‌رده‌وامی هه‌بوو داڕێژرایه‌وه.
بیریاران و شاره‌زایان و توێژه‌ران، شۆڕشی فڕه‌نسی به سه‌ره‌تای سه‌رده‌می ڕۆشنگه‌ری داده‌نێن، بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌روه‌ری خاك و ده‌سه‌ڵات بۆ ده‌ستی گه‌ل و جێگیركردنی مافی خه‌ڵك و دروستبوونی ده‌سه‌ڵات به ده‌نگی جه‌ماوه‌ر، هه‌رچه‌نده شۆڕشه‌كه هه‌موو ئامانجه‌كانی خۆی نه‌پێكا و له زۆر شوێندا بووه هۆی دروستبوونی ئاڵۆزی و ناكۆكی و ململانێی خوێناوی ترسناك، به‌ڵام ئه‌مانه هیچ له ڕۆڵی شۆڕشه‌كه بۆ وه‌ئاگاهێنانه‌وه‌ی خه‌ڵكی دژ به سته‌مكاران كه‌م ناكه‌نه‌وه.
كاتێك له سه‌رده‌می لویسی شازده‌یه‌م گه‌نجینه‌ی ده‌وڵه‌ت خاڵی كرایه‌وه و دوو ساڵ وشكه‌ساڵی ڕووی له فڕه‌نسا كرد، ئیتر خه‌ڵكی به ته‌واوی بێكار و بێخۆراك مابوونه‌وه، له ته‌ك ئه‌مانه‌یش دا حكوومه‌تی پاشایه‌تی به به‌رده‌وامی زوڵم و سته‌می له خه‌ڵك ده‌كرد و دۆخێكی ته‌واو نه‌خوازراو دروست ببوو و نرخی دانه‌وێله به گشتی و گه‌نم به تایبه‌تی زۆر به‌رز بوو، نه‌خۆشی بڵاوبووه‌وه و نان زۆر به قورسی ده‌ست ده‌كه‌وت، جیا له‌وه‌ی پیاوانی سیسته‌می پاشایه‌تیش باجی زۆریان به‌سه‌ر جووتیاران سه‌پاندبوو، سه‌ره‌ڕای وشكه‌ساڵی ئه‌وان له وه‌رگرتنی باجی خۆیان به‌رده‌وامبوون و گوێیان به وشكه‌ساڵی نه‌ده‌دا، به‌وهۆیه‌وه هه‌ژاران و جووتیاران له سه‌ره مه‌رگدابوون و هیچیان نه‌بوو له ده‌ستی بده‌ن و له مه‌رگیش نزیك ببوونه‌وه، ئیتر ڕێیه‌كیان بۆ نه‌مایه‌وه جیا له شۆڕش و وه‌ستانه‌وه دژی سته‌می پاشایه‌تی.
شۆڕش له ڤێرسای
له پایزی 1786 لویسی شازده‌یه‌م ده‌ستی به كۆمه‌ڵێك چاكسازی له بواری دارایی كرد، له‌وانه سه‌پاندنی باجی زۆر و قورس بوو به‌سه‌ر زه‌وییه‌كان، كه جووتیاران وه‌ك كرێكاران و له به‌رانبه‌ر باج و دابه‌شكردنی به‌روبومه‌كانی له‌سه‌ر زه‌وییه‌كان كاریان ده‌كرد، بۆ ڕێگری له تووڕه‌یی جه‌ماوه‌ر و هه‌ڵگیرسانی شۆڕش، لویسی شازده‌یه‌م كۆبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی چینه‌كانی كۆمه‌ڵگای فڕه‌نسی ڕاگه‌یاند، كه كۆمه‌ڵه‌یه‌كی تایبه‌ت بوو به پیاوانی ئاینی و چینی خانه‌دان و ئۆرستۆكراته‌كان، له دوای دروستبوونی له 1614 ئه‌مه یه‌كه‌مجار بوو ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه كۆ ببێته‌وه.
نوێنه‌ری هه‌ر چینێكی كۆمه‌ڵگا لیستێكی له‌باره‌ی داواكارییه‌كانی چین و توێژه جیا جیاكان ئاماده كردبوو، تا له كۆبوونه‌وه‌كه ڕاده‌ستی پاشای بكه‌ن، هه‌رچه‌نده بڕیاربوو كۆبوونه‌وه‌كه له 1786 ئه‌نجام بدرێ، به‌ڵام بۆ ئایار / مایۆی 1789 دواخرا، نوێنه‌ری سه‌رجه‌م چینه‌كان ئاماده‌یی بوون و داواكانی خۆیان خسته‌ڕوو.
تا ئه‌و كاته كۆمه‌ڵگای فڕه‌نسی به‌سه‌ر دوو چین دابه‌ش ببوو، كه یه‌كێكان چینی پیاوانی ئاینی و ئه‌وه‌ی تریش چینی خانه‌دان و ئۆرستۆكراته‌كان بوون، له كۆبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی چینه‌كانی كۆمه‌ڵگای فڕه‌نسی، چینی سێیه‌م هاتنه به‌رده‌م كۆشكی ڤێرسایی كه چینی گشتی خه‌ڵكی مام ناوه‌ند و هه‌ژاربوون، ناڕه‌زاییان دژ به هه‌ردوو چینه‌كه‌ی تر ده‌ربڕی و داوای چاكسازی و یه‌كسانییان ده‌كرد، به‌وهۆیه‌وه ناكۆكی گه‌وره له نێوان هه‌ر سێ چینه‌كه دروست بوو و خه‌ڵكی چینی گشتی ده‌ستیان به مانگرتن و دروشمی سیاسی كرد دژ به چینی پیاوانی ئاینی و ئۆرستۆكراته‌كان، سه‌ره‌ڕای ناڕه‌زایه‌تییه‌كان به‌ڵام دوو چینه‌كه‌ی تر له‌گه‌ڵ پاشا كۆ بوونه‌وه، ئه‌مه‌یش وایكردن چینی سێیه‌م كه چینی گشتی بوو به جیا له نێوان خۆیان كۆ ببنه‌وه و كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی فڕه‌نسییان ڕاگه‌یاند. كه پێچه‌وانه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی چینه جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگا بوو.
نوێنه‌رانی كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی فڕه‌نسی سێ ڕۆژ دوای كۆبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی چینه‌كانی كۆمه‌ڵگای فڕه‌نسی له یاریگایه‌كی تێنسی سه‌ر زه‌وی كۆبوونه‌وه و په‌یمانیان دا كه پشتیوانی یه‌كتر بن و ده‌سبه‌رداری داواكانیان نه‌بن كه به په‌یمانی" یاریگای تێنس" ناوبرا. ئه‌وان به‌ڵێنیان به یه‌كتر دا، تا چاكسازی ده‌ستووری نه‌یه‌ته كایه‌وه و داواكانیان له ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك جێبه‌جێ نه‌كرێ، به‌رده‌وام بن له ناڕه‌زایی ده‌ربڕین، یه‌كێك له داواكانیشیان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی چینه‌كانی كۆمه‌ڵگای فڕه‌نسی بوو، دروستكردنی كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی یان په‌رله‌مانی فڕه‌نسا بوو.
كڵپه‌ی شۆڕش
له 12ی حوزه‌یران / یۆنیۆ كاتێك كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی گه‌یشته ئه‌و بڕوایه‌ی كه چاكسازی ده‌ستووری نایه‌ته دی، بۆیه له ڤێرسای كۆبوونه‌وه تا چاره‌سه‌رێكی دۆخه‌كه بكه‌ن، پاشان خه‌ڵكی ده‌ستیان به ناڕه‌زایی ده‌ربڕین و هه‌ڵكوتانه سه‌ر گرتووخانه‌ی باستێل كرد، خه‌ڵكی پاریس به وره‌یه‌كی به‌رز و بوێری زۆره‌وه ڕووبه‌ڕووی هێزه‌كانی سیسته‌می پاشایه‌تی بوونه‌وه و له شه‌قامه‌كان داوای له‌ناوچوونی حوكمی پاشایه‌تییان ده‌كرد، له ناو خه‌ڵك وا بڵاوبووه‌وه كه كوده‌تایه‌كی سه‌ربازی ئه‌نجام دراوه، به‌ڵام ئه‌مه ده‌نگی خه‌ڵك بوو دژ به سته‌م، تا دوو ڕۆژ دوای ئه‌وه مانگرتنی سه‌رتاسه‌ری ڕاگه‌یه‌نراو و قه‌ڵای باستێل كه‌وته ده‌ست شۆڕشگێڕان و ده‌رگای گرتووخانه‌كه كرایه‌وه و بارووت و چه‌كی زۆر كه‌وته ده‌ست شۆڕشگێڕان، بۆیه ئه‌م ڕۆژه خه‌ڵكی پاریس به بۆنه‌ی ده‌سكه‌وتنی چه‌ك و بارووته‌وه ئاهه‌نگیان ده‌گێڕا و ئه‌و دڵنیایییه‌یان لا دروست بوو كه به بوونی چه‌ك ده‌توانن ڕووبه‌ڕووی هێزه‌كانی سیسته‌می پاشایه‌تی ببنه‌وه.
دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی گرتنی باستێل و شۆڕش له پاریس، خه‌ڵكی ته‌واوی ولات به گشتی و جووتیاران به تایبه‌ت ده‌ستیان به هێرشكردنه سه‌ر ماڵی ئه‌و كه‌سانه كرد كه باجیان بۆ حكوومه‌تی پاشایه‌تی كۆ ده‌كرده‌وه و ماڵی خاوه‌ن زه‌وییه‌كانیشیان ده‌سووتاند، دوای ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی شۆڕش كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی كۆبووه‌وه و سیسته‌می پشكایه‌تی له زه‌وی و كشتوكاڵكردن هه‌ڵوه‌شانده‌وه و ئه‌مه‌یش به ته‌واوی جووتیارانی خۆشحاڵ كرد و پیاوانی ئۆرستۆكراتی به لێشاو وڵاتیان به‌جێهێشت و ترسی زۆریان هه‌بوو سه‌رجه‌میان بكوژرێن.
له چواری ئاب/ئۆگه‌ست، كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی سه‌ركه‌وتنی
شۆڕشی فڕه‌نسی ڕاگه‌یاند و په‌یماننامه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ و هاووڵاتییانی په‌سه‌ند كرد، له‌و په‌یماننامه‌یه‌دایه بنه‌مای دیموكراسی و یه‌كسانی بۆ هه‌موو هاووڵاتییان سه‌ره‌ڕای جیاوازی بیكردنه‌وه‌ی سیاسی ده‌سته‌به‌ر كرا، ئه‌م بڕگه و بنه‌مایانه‌یش له بیرۆكه و به‌رهه‌مه فه‌لسه‌فییه‌كانی فه‌یله‌سووف ژان ژاك رۆسۆوه سه‌رچاوه‌یان گرتبوو، بۆ سیسته‌می كۆن به ته‌واوی هه‌ڵته‌كێنرا و سیسته‌می نوێ له‌سه‌ر بیركردنه‌وه و باوه‌ڕه‌كانی ڕۆسۆ و مۆنتیسكۆ و دیدرۆ داڕێژارایه‌وه.
دواتر كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی ده‌ستی به گفتوگۆ و خستنه به‌رباسی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری نوێی وڵات كرد، كه له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی شۆڕش و ئازادی و دیموكراسی بگونجێت، ئه‌مه‌یش له كاتێكدا بوو وڵات به دۆخێكی ئابووری زۆر خراپ تێده‌په‌ڕی و به‌ڵام خه‌ڵكی بیریان لای دۆخی سیاسی و سیسته‌می نوێ وڵات بوو.
سه‌ره‌تا پێشنیاز كرا پاشا له شوێنی خۆی بمێنێته‌وه و مافی دانانی وه‌زیره‌كانی حكوومه‌تی هه‌بێت، به‌ڵام به گوێره‌ی ده‌ستوور ده‌سه‌ڵاته‌كانی سنووردار بكرێن، به‌ڵام دواتر شۆڕشگێڕه توندڕۆكانی دژ به پاشایه‌تی وه‌كو رۆبسپێر و دانتۆن و دیمۆلینس جه‌ماوه‌ریان هێنایه سه‌ر شه‌قام و داوای دادگاییكردنی لویسی شازده‌میان ده‌كرد و سووریشبوون له‌سه‌ر دروستكردنی سیسته‌می كۆماری بۆ وڵات، نه‌ك پاشایه‌تی به جۆرێكی تر.
گۆڕینی شۆڕش بۆ توندوتیژی
له مانگی نیسان /ئه‌پریلی 1792 كۆمه‌ڵه‌ی یاسادانانی هه‌ڵبژێردراو، گفتوگۆی له‌باره‌ی هه‌ڵگیرسانی جه‌نگ دژی نه‌مسا و پرووسیا كرد، له كاتێكدا شۆڕشگێڕان هاوڕا بوون كه بتوانن بیری شۆڕشی فڕه‌نسی بۆ ته‌واوی ئه‌وروپا بگوازنه‌وه و گۆڕینی ڕیشه‌یی له ته‌واوی ئه‌وروپا بكه‌ن، به‌ڵام وڵاتانی خاوه‌ن سیسته‌می پاشایه‌تی به ته‌واوی دژی شۆڕشه‌كه وه‌ستانه‌وه و هه‌وڵی پشتیوانیكردنی پاشا و له‌ناوبردنی شۆڕشگێڕانیان دا، ئه‌مه‌یش وای كرد كه شه‌ڕ و ناكۆكی دروست ببێ و وڵاتانی ئه‌وروپا به دوژمنی شۆڕش هه‌ژمار بكرێن.
به‌وهۆیه‌وه ئه‌ندامانی گرووپی توندڕۆی جاكوبینز هێرشیان كرده سه‌ر باره‌گای پاشایه‌تی له پاریس و پاشایان له 10ی ئاب / ئۆگه‌ستی 1792 گرت و كۆمه‌ڵكوژییه‌كی گه‌وره‌یان ئه‌نجام دا و سه‌دان كه‌سیان كوشت كه به ته‌واوی پێچه‌وانه‌ی په‌یماننامه‌ی نیشتمانی بوو، كه تێیدا سیسته‌می پاشایه‌تیشی لێ ڕه‌ت كرابووه‌وه و سیسه‌می كۆماری تێدا ده‌سته‌به‌ركرا بوو.
له 21ی حوزه‌یران /یۆنیۆی 1793 لویسی شازده‌یه‌م به مه‌قسه‌له سه‌ری له جه‌سته‌ی جیاكرایه‌وه، به تاوانی خیانه‌تی مه‌زن و تاوان دژی ده‌وڵه‌ت، دوای نۆ مانگ له كوشتنی لویس ماری ئه‌نتوانیتی هاوسه‌ریشی به‌هه‌مانشێوه كۆتایی پێ هێنرا. كوشتنی لویسی شازده‌یه‌م و ناكۆكی له نێوان لایه‌نه‌كان له‌باره‌ی په‌یماننامه‌ی شه‌ره‌فی نیشتمانی، ڕاگه‌یاندنی سیسته‌می نوێ و به‌رده‌وامی كاری توندوتیژی هانی وڵاتانی تری ئه‌وروپای دا كه دژایه‌تییه‌كانیان بۆ پاریس و سیسته‌مه نوێكه‌ی زیاتر بكه‌ن.
پاشان سه‌ركرده‌كانی شۆڕش كه‌وتنه گیانی یه‌كتر و هه‌وڵی كوشتنی یه‌كتریان ده‌دا به‌وهۆیه‌وه هه‌زاران كه‌س كوژران و خرانه‌به‌ر مه‌قسه‌له‌وه و سه‌ریان له جه‌سته‌یان جیاكرایه‌وه، له 22ی ئاب / ئۆگه‌ستی 1795 كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی ده‌ستوورێكی نوێی ڕاگه‌یاند كه ئه‌نجوومه‌نی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنی له پێنج كه‌س كۆكرده‌وه كه له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه هه‌ڵده‌بژێردرێن، به‌ڵام پاشماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تی و گرووپی جاكوبینز ئه‌و سیسته‌مه نوێیه‌یان ڕه‌تكرده‌وه و دۆخه‌كه له ململانێ و كێشه‌ی به‌رده‌وام دابوو.
دوای به‌رده‌وامی كێشه‌كان و نه‌گه‌یشتن به چاره‌سه‌ر ناپۆلیۆن پۆناپارتی ژه‌نه‌رالی گه‌نج له ڕیزی سوپا دۆخه‌كه‌ی به ته‌واوی قۆسته‌وه و كوده‌تایه‌كی به سه‌ر شۆڕشی فڕه‌نسی كرد و خۆی وه‌كو كونسوڵی یه‌كه‌می فڕه‌نسا ڕاگه‌یاند و سه‌رده‌مێكی تر له حوكمكردن له فڕه‌نسا ده‌ستی پێكرد.