16 ویلایه‌تی ئه‌مه‌ریكا له شاری سان فرانسیسكۆ سكاڵایه‌یه‌كی یاساییان دژی دۆناڵد تره‌مپ تۆمار كرد و ڕاگه‌یاندنی باری له‌ناكاوی نیشتمانیان بۆ دروستكردنی دیوار له‌سه‌ر سنووری مه‌كسیك به ناده‌ستووری وه‌سف كرد و به توندی دژی ئه‌و كاره‌ی تره‌مپ وه‌ستانه‌وه.
سكاڵاكه له‌لایه‌ن ئه‌و 16 ویلایه‌ته‌وه ئاراسته‌ی دادگای فیدرالی
ئه‌مه‌ریكا له كالیفۆرنیا كراوه و سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا به پێشێلكردنی ده‌ستوور تۆمه‌تبار كراوه، بۆیه سه‌ره‌تا داوا له دادگای فیدرالی كراوه، كه ئه‌و بابه‌ته یه‌كلایی بكاته‌وه، كه بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپ بۆ ڕاگه‌یاندنی باری له‌ناكاو ده‌ستووریییه یان به پێچه‌وانه‌وه، دووه‌میش داوا ده‌كه‌ن، كه كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا بڕیاری كۆتایی بدات له كاروباری تایبه‌ت به دارایی ده‌وڵه‌ت، نه‌ك سه‌رۆك به ویستی خۆی خه‌رجی بكات.
ئه‌و ویلایه‌تانه وه‌زاره‌تی ئاسایشی ناوخۆی ئه‌مه‌ریكا به پێشێلكردنی یاسای پاراستنی ژینگه‌یش تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، به‌هۆی ئه‌وه‌ی هیچ ڕه‌چاوی كاریگه‌ری پرۆژه‌ی دروستكردنی دیوار له سنووری مه‌كسیك له ویلایه‌تی كالیفۆرنیا و نیو مه‌كسیكۆ ناكه‌ن.
له سكاڵاكه هاتووه كه تره‌مپ وڵات تووشی ته‌نگژه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ده‌ستووری ده‌كات، داواكاری گشتی ویلایه‌تی كالیفۆرنیا "كزافییه بیسیرا گوتی، چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ین ویلایه‌ته‌كانی تریش بێنه ڕیزی ئێمه و دژی ئه‌و كاره ناده‌ستوورییه بوه‌ستنه‌وه و ڕێ به‌و پرۆژه سه‌ربازییه كاره‌ساتباره نه‌ده‌ن.
ویلایه‌ته‌كان بریتین له "كولۆرادۆ، كونیتیكت، دیلاوێر، هاوای، ئیلینوی، ماین، میریلاند، میشیگان، مینیسوتا، نیڤادا، نیوجێرسی، نیومه‌كسیكۆ، نیویۆرك، ئۆریگون، ڤێرجینیا و واشنتن".
له ڕۆژانی ڕابردوو تره‌مپ باری نائاسایی له وڵات ڕاگه‌یاند و فه‌رمانی ده‌ركرد بۆ دروستكردنی دیوار و شورا له سنووری نێوان مه‌كسیك و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا كه ئه‌مه‌یش ناڕه‌زایی زۆری لێكه‌وتووه‌ته‌وه.