ئەم هەفتەیە محەمەد سەڵاح گرانترین یاریزانە لە ئەوروپا

:: AM:09:28:19/02/2019 ‌

محەمەد سەڵاحی ئەستێرەی میسڕی و هێرشبەری یانەی لێڤەرپوولی ئینگلیزی لە ریزبەندی یەكەمی گرانترین ئەو یاریزانانە دێت كە ئەم هەفتەیە لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا یاری دەكەن.

بەگوێرەی راپۆرتێكی (cies) بۆ تۆژینەوەیەكی وەرزشی جیهان دەركەوتووە كە نرخی ئێستای سەڵاح لە بازاری گواستنەوەی یاریزاناندا 184 ملیۆن یۆرۆیە.

بەمەش لە رووی نرخەوە لە پێشەوەی هەموو ئەویاریزانانەیە كە ئەم هەفتەیە لەگەڵ یانەكانیان یارییەكانی قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا ئەنجام دەدەن كە ژمارەیان 8 یانەیە.

محەمەد سەڵاح هەروەها بەشێوەیەكی گشتی ئێستا لە ریزبەندی چوارەمی گرانترین یاریزانانی جیهان دێت و تەنانەت بە دوو خانە لە پێشەوەی لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانیش دێت كە ئێستا نرخەكەی بە 171.6 ملیۆن یۆرۆ خەملێنراوە.

ئێستا لە ریزبەندی یەكەمی گرانترین یاریزانی تۆپی پێی جیهان كیلیان مباپێی هێرشبەری یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی دێت، دوای ئەویش هاری كینی هێرشبەری یانەی تۆتنهامی ئینگلیزی و لە ریزبەندی سێیەمیش لیرۆی سانی ئەستێرەی یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزی.

سەڵاح ئەمڕۆ سێشەم لەگەڵ هاوڕێكانی لە یانەی لێڤەرپوول لە یاریی چوونی قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لەنێو یاریگەی ئەنفێڵد مێوانداری یاریزانانی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی دەكەن.

لە یارییەكی تریشدا بەهەمانشێوە لە سەعات 11ی شەو بەكاتی كوردستان، یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی دەبێتە مێوانی یانەی لیۆنی فڕەنسی.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م