كانییه‌كه بۆ خه‌ڵكی رانیه مایه‌ی خێروبێر بووه
ئاوی قوله‌ی رانیه هه‌ر له ساته‌وه‌ختی دروستبوونی رانیه‌وه ئاوی شارۆكه‌كه دابین ده‌كات و بووه‌ته یه‌كێك له بیره‌وه‌رییه جوانه‌كانی خه‌ڵكه‌كه و له‌گه‌ڵیدا گه‌وره بوون.
كه‌م كه‌س هه‌ن سه‌ردانی رانیه‌یان كردبێت و ئاوی قوله‌یان نه‌خواردبێته‌وه, ئه‌و سه‌رچاوه ئاوییه‌ی سه‌دان ساڵه له ژێر زه‌وییه‌وه دێته ده‌ره‌وه و هاوكات سه‌رچاوه‌ی ئاوی خواردنه‌وه‌ی به‌شێكی زۆری دانیشتووانی سنووره‌كه بووه.
ئاوی قوله پێش فراوانبوونی رانیه، یه‌كێك بووه له شوێنه گه‌شتیارییه‌كانی ئه‌و شارۆكه‌یه و زۆربه‌ی كاتیش بووه به ژوانگه‌ی هونه‌رمه‌ندان و له‌وێ كۆ بوونه‌ته‌وه و كاتیان به‌سه‌ر بردووه.
له‌باره‌ی مێژووی ئاوی قوله، فه‌رمان عوسمان مامۆستا و شاره‌زای مێژوو به "وشه"ی راگه‌یاند، "كاتی خۆی به‌شێكی زۆری هاووڵاتییانی شارۆكه‌كه سوودیان له‌م ئاوه وه‌رگرتووه, له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان به‌ناوچه‌كه‌دا بڵاو بووبووه‌وه و خه‌ڵكی ده‌ره‌وه‌ی رانیه‌ش بۆ زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كانیان سوودیان له‌م ئاوه ده‌بینی, هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌نده‌كانی رانیه ئێواران له‌وێ كۆ ده‌بوونه‌وه و گۆرانی‌یان بۆ گه‌شتیاران ده‌گوت و به‌خۆشی رایانده‌بوارد.
ئه‌و روونی كرده‌وه, هه‌ر له دێرزه‌مانه‌وه گوتوویانه هه‌ر كاروانێك له ئاوی قوله‌وه تێپه‌ڕیبێ یان كه‌سانی ده‌وروبه‌ری سنووره‌كه هاتبنه رانیه و له ئاوی قوله‌یان خواردبێته‌وه، دووباره سه‌ردانی ئه‌و شارۆكه‌یه‌یان كردووه‌ته‌وه, له‌به‌ر سروشتی سه‌رچاوه‌ی ئاوه‌كه‌ی, زۆر كه‌س هه‌بوون بۆ خاتری ئاوی قوله له‌وێ ماونه‌ته‌وه و نیشته‌جێ بوون.
مێژووی دروستبوونی ئاوی قوله ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌دان ساڵ پێش زاین, به‌ڵام ئه‌و ئاوه نزیكه‌ی 200 ساڵه بووه به سه‌رچاوه‌ی ئاوی خواردنه‌وه‌ی دانیشتووانی رانیه.
له‌لایه‌كی تره‌وه كه‌ریم مه‌حموود گوته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاوی راپه‌ڕین به "وشه"ی راگه‌یاند، "ئاوی قوله وه‌ك پڕۆژه‌یه‌كی گرنگی ئاو له رانیه، مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی 1950، له‌وكاته‌دا كراوه‌ته پڕۆژه‌ی گرنگی دابینكردنی ئاوی خواردنه‌وه و تا ئێسته‌ش %65ی ئاوی شارۆكه‌كه دابین ده‌كات.
ئه‌و ئاماژه‌ی به‌وه كرد, پێش دروستبوونی رانیه ئه‌و ئاوه هه‌بووه، دوای دروستبوونی رانیه‌ش كه له قه‌ڵاتی رانیه‌وه ده‌ستی پێ كردووه، سوودیان له هه‌ردوو ئاوی "كوێره‌كانی و قوله" وه‌رگرتووه كه تا ئێسته‌ش كوێره‌كانی هه‌ر ماوه و ساڵانه له سه‌ره‌تای وه‌رزی به‌هار ده‌ژێته‌وه.
گوته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاوی راپه‌ڕین ئه‌وه‌شی گوت, به‌شێك له‌و ئاوه بۆ خواردنه‌وه به‌كار دێت بۆ هه‌ریه‌ك له گه‌ڕه‌كه‌كانی ئازادی، قه‌ڵات, شه‌هیدان, كێوه‌ڕه‌ش, مامۆستایان، نه‌وره‌سی, رزگاری، فه‌رمانبه‌ران، هه‌واره‌به‌رزه و چه‌ندان گه‌ڕه‌كی تر تا ده‌گاته ناو بازاڕ، به‌شێكی تری ئاوه‌كه‌ش له‌به‌ر پڕۆژه‌كه ده‌ڕوات و بۆ كاری كشتوكاڵی به‌كار دێت.
قوله ده‌كه‌وێته سه‌نته‌ری رانیه, جگه له‌وه‌ی دیمه‌نێكی جوان و سیمایه‌كی سه‌رنجڕاكێشی به‌خشیوه‌ته شارۆكه‌كه، هاوكات بووه‌ته بیره‌وه‌رییه‌كی جوان له‌لای رانیه‌ییه‌كان و ئاوی خواردنه‌وه‌ی زیاتر له 15 گه‌ڕه‌كی شارۆكه‌كه‌ش دابین ده‌كات.
خه‌ڵكی ده‌ره‌وه‌ی رانیه‌ش بۆ زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كانیان سوودیان له‌م ئاوه بینیوه
وشه/ رانیه- شادان به‌كر