ئه‌ژین سارمه‌می: ده‌مه‌وێ له كارێكی سینه‌مایی ترسناكدا سیناریست و پاڵه‌وان بم
ژنه ئه‌كته‌ری لاوی كورد ئه‌ژین ئه‌بوبه‌كر به ئه‌ژین بێلاف سارمه‌می ناسراوه و له شاری هه‌ولێر له دایك بووه، ده‌رچووی به‌شی خاك و ئاوه له كۆلێژی كشتوكاڵ و دوو ساڵ یاریده‌ده‌ری له‌شجوانی ژنان بووه.
ئه‌ژین یه‌كێكه له ئه‌كته‌ره به‌شداره‌كانی نوێترین به‌رهه‌می شانۆیی به‌ناوی "ژن له دۆزه‌خدا" كه له هه‌ولێر نمایش كراوه. ئه‌و جگه له نواندن، به‌هره‌ی نووسینی شیعریشی هه‌یه. له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا ده‌ڵێ، جگه له شانۆ له فیلمێكی سینه‌ماییش به‌شدار بووه.
یه‌كه‌م كاری هونه‌ریت له‌گه‌ڵ دكتۆر فه‌رهاد پیرباڵ بوو، چۆن باسی ده‌كه‌یت؟
له فیلمی "بیر" به‌شداریم كرد كه له نووسین و ده‌رهێنانی نووسه‌ر و ڕووناكبیری كورد دكتۆر فه‌رهاد پیرباڵ بوو، ئه‌مه بووه زه‌وینه‌خۆشكه‌رێك بۆ هاتنه ناو كاری هونه‌ری و دۆزینه‌وه‌ی تواناكانم له بواری هونه‌ریدا.
چ رۆڵێكت هه‌بوو له‌و به‌رهه‌مه‌دا و كه‌ی به‌شداریت تێدا كرد؟
رۆڵی كچێكی مه‌سیحیم هه‌بوو و ناوم دانیاڵ بوو، پار بوو به‌شداریم تێدا كرد و له فیلمه‌كه‌دا كوڕێكی مسوڵمانم خۆش ده‌ویست .
له‌سه‌ر داوای كێ به‌شداریت تێدا كرد؟
له‌سه‌ر داوای دكتۆر فه‌رهاد خۆی بوو، من و دكتۆر ته‌مه‌نێكه ئاشنایه‌تیمان هه‌یه و له‌گه‌ڵ یه‌ك له چه‌ندان كۆڕی شیعری و سیمینار به‌شدار بووین.
چه‌ند ڕۆژێكه به‌شداریت له به‌رهه‌مێكی نوێی شانۆیی كرد له شاری هه‌ولێر، ئه‌وه‌یان چۆن بوو؟
به‌ڵێ نوێترین كاری هونه‌ریم له بواری شانۆ، له شانۆیه‌كی نوێ به‌ناوی "ئافره‌ت له دۆزه‌خدا" بوو، بۆ ئه‌و شانۆگه‌رییه چه‌ند ڕۆژێكی كه‌می مابوو ژنه هونه‌رمه‌ند و ئه‌كته‌ر له‌یلا مه‌جیدی منی بۆ ئه‌و رۆڵه پێشنیار كرد، منیش به‌خۆشحاڵییه‌وه ڕه‌زامه‌ندیم ده‌ربڕی و له‌گه‌ڵ ده‌رهێنه‌ر هیوا سوعاد چه‌ند رۆژێك له مه‌شق و ڕاهێنان بووم، هه‌رچه‌نده له سه‌ره‌تادا ترسم له‌وه هه‌بوو ڕۆڵه‌كه‌م لاوازی پێوه دیار بێ، چونكه شانۆگه‌رییه‌كه جه‌ماوه‌رێكی به‌رچاوی هه‌بوو، له‌وكاته‌دا كاری ئه‌كته‌ر سه‌ختتر ده‌بێت، سوپاس بۆ خوا توانیم به باشی بچمه ناو قووڵایی رۆڵه‌كه و ببم به جێی سه‌رنجی بینه‌رانی شانۆگه‌رییه‌كه.
خوێندنه‌وه تا چه‌ند گرنگه بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی رۆڵ و ده‌ركه‌وتنی ئه‌كته‌ر به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتووانه؟
هه‌میشه حه‌ز به خوێندنه‌وه‌ی كتێب و چیرۆكه تراجیدی و ڕۆمانه‌كان ده‌كه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر فێری وانه‌كانی ژیان ببم، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له‌ژێر حوكمی ئازار و چه‌وسانه‌وه‌دا خۆیان دروست كردووه و بوونه‌ته كه‌سایه‌تییه‌كی جوانی ناو كۆمه‌ڵگه، بۆیه چیرۆكی ئه‌و كچه نووسه‌ره‌م له‌لا ڕوون بوو كه باوكێك دڕندانه ده‌ستدرێژیی ده‌كرده سه‌ری و خه‌ونی كچێنی ئه‌و كچه‌ی له‌بار برد.
ترست له كامێرا و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر نه‌بوو؟
بڕوای ته‌واوم به‌خۆم هه‌یه و هیچ ترسێكم له كامێرا و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی خه‌ڵك نییه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ترسی له دڵم دروست كردبوو، ئه‌وه‌بوو له‌سه‌ر ته‌ختی شانۆگه‌رییه‌كه كه ماوه‌كه‌ی سێ ڕۆژ بوو، به‌هۆی منه‌وه بۆشاییه‌ك دروست نه‌بێت یا له ڕۆڵه‌كه‌مدا لاوازییه‌كم پێوه دیار بێت، ئه‌مه‌ش بۆ خۆم نا وه‌ك ئه‌كته‌ر، به‌ڵكو بۆ كرچوكاڵ نه‌بوونی به‌رهه‌مه شانۆییه‌كه‌مان.
به‌پێی زانیاریی ئێمه توانای نووسینی شیعریشت هه‌یه؟
به‌ڵێ چونكه به‌ر له‌وه‌ی ببم به ئه‌كته‌ر، هه‌میشه سه‌رگه‌رمی نووسینی شیعر بووم، به‌رده‌وامیش به‌دوای ده‌قی جوان ده‌گه‌ڕێم و له‌ڕووی زمانه‌وانیشه‌وه سوودی لێ ده‌بینم.
شیعر بۆ كێ ده‌نووسیت و كێ هانت ده‌دا؟
بۆ خۆشه‌ویستی و عه‌شق و جوانی و نیشتمان، به پله‌ی یه‌كه‌م باوكم هانده‌رێكی باشم بووه بۆ نووسینی تێكسته‌كانم، له دوای ئه‌ویش سابات و ساوێن و به‌رهه‌م وایان لێ كردووم درێژه به نووسینی شیعر بده‌م.
بۆچی ناسناوی بێلافت داوه‌ته پاڵ ناوه‌كه‌ت كه ناسناوی شاعیرێكی ناسراوی كورده؟
سه‌رسامیم به شیعر و هۆنراوه جوانه‌كانی شاعیری ناسراوی كورد عه‌بدولڕه‌حمان بێلاف، وای لێ كردووم ئه‌و ناسناوه به ناوه‌كه‌ی خۆمه‌وه بلكێنم، هاوكات به خۆشه‌ویستییه‌كی زۆریشه‌وه شیعره‌كانی شاعیری ناسراو سه‌ركه‌وت ڕه‌سووڵ ده‌خوێنمه‌وه كه پڕن له عه‌شق و جوانی.
له كاتی شانۆی "ئافره‌ت له دۆزه‌خدا" هه‌ستمان كرد فرمێسكت ڕشت، بۆچی؟
نایشارمه‌وه به‌ته‌واوی چوومه ناو قووڵایی رۆڵه‌كه، ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ی ئه‌و ژنانه‌یش فرمێسكی گه‌رمی پێ ڕشتم، چونكه زۆر به‌وردی له‌وه تێگه‌یشتم كه ژنی كورد چه‌نده به ئازاره‌وه قۆناغه‌كانی ژیانی تێپه‌ڕاندووه.
نهێنیی سه‌ركه‌وتنت چییه؟
به‌بڕوا و متمانه به‌خۆبوون ده‌توانم بگه‌م به سه‌ركه‌وتن و هه‌موو ئامانجه‌كانم بپێكم و بگه‌م به‌هه‌موو ئه‌و خه‌ونانه‌ی له خه‌یاڵمدا گوزه‌ر ده‌كه‌ن.
به‌كام ژنه شانۆكاری كورد سه‌رسامی؟
به ژنه شانۆكاری ناسراوی كورد ته‌لار هیرانی سه‌رسامم كه هه‌م مامۆستایه و هه‌م شانۆكارێكی جوان و به ئه‌زموونه، ده‌توانم سوود له ئه‌زموونی ئه‌و ژنه بوێره ببینم كه ژیانی خۆی پێشكه‌ش به شانۆ كردووه.
ڕووخسار و جوانی تا چه‌ند گرنگه بۆ شانۆكار؟
ئه‌و بۆچوونه هه‌ڵه‌یه كه ده‌گوترێت جوانی بووه‌ته به‌شێك له وه‌رگرتنی شانۆكار یا سینه‌ماكار بۆ به‌رهه‌مه‌كان، بۆیه مامۆستا هیوا هه‌میشه پێم ده‌ڵێت شپرزه‌ییه‌كه‌ت له‌وه جوانتره كه به میكیاج ده‌رده‌كه‌ویت و ڕووخساری خۆت به جۆرێكی تر نیشان ده‌ده‌ی.
بیستمان داوای رۆڵێكی ترت لێ كراوه؟
دوای نمایشی ئه‌و شانۆگه‌رییه، گه‌رمیان گلی بۆ كاركردن له به‌رهه‌مێكی نوێ داوای لێ كردووم وه‌ك ئه‌كته‌ر رۆڵ ببینم، به‌ڵام هێشتا بڕیارم نه‌داوه، ده‌شزانم ئه‌و وه‌ك گه‌نجێك خاوه‌ن دنیابینییه‌كی جوانه و هه‌میشه به‌دوای نوێگه‌ریدا ده‌گه‌ڕێت.
چی بكرێ تا به‌شداری ژنان له به‌رهه‌م و بواره هونه‌رییه‌كان بكرێت به زۆرینه؟
به‌داخه‌وه كه پێ ده‌نێیته ناو هه‌ر كارێكی هونه‌ری، یه‌كسه‌ر هه‌ست به نه‌بوونی ژن و ڕێژه‌ی كه‌می به‌شدارانی ژن ده‌كه‌یت، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ ڕۆڵی ژن له كاره‌كاندا ده‌ربخه‌ین، ده‌بێ به‌شداریی زۆرمان هه‌بێت له هه‌موو پرسه‌كاندا نه‌ك ته‌نیا كاری هونه‌ری، ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجی من بوو له میانی پێشكه‌شكردنی شانۆگه‌رییه‌كه‌دا، چه‌ند ژنێك ئاماده‌ی بینینی بوون كه ئه‌وانیش هه‌ر خۆیان هونه‌رمه‌ندی بواری شانۆیی بوون.
خه‌ونی گه‌وره‌ت چییه؟
خه‌ونی من ئه‌وه‌یه ده‌رفه‌تێك بڕه‌خسێ و به‌شدار بم له كارێكی سینه‌مایی ترسناكدا، هه‌ر خۆم سیناریست و پاڵه‌وانی به‌رهه‌مه‌كه‌یش بم، بۆ ئه‌وه‌ی ببێت به یه‌كه‌م به‌رهه‌می سینه‌مایی ترسناكی كوردی و له ئاستێكی باڵادا ببینرێت.
به‌و شانۆییه تا چه‌ند وه‌ڵامی ئه‌و قسانه‌تان دایه‌وه كه ده‌ڵێن شانۆ له هه‌ولێر مردووه؟
شانۆ جارێكی تر هه‌موو كۆتوبه‌نده‌كانی شكاند و هه‌موو ئه‌و قسه ڕووتانه‌شی له گۆڕ نا گوایه شانۆ له هه‌ولێر مردووه، به‌شانۆگه‌ریی "ئافره‌ت له دۆزه‌خدا" ئه‌و قسانه هه‌موو پێچه‌وانه بوونه‌وه و سه‌رده‌می وه‌چه‌رخانی شانۆی نوێ له دایك بوو.
ئه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌رزش پێوه‌ندیت چۆنه؟
وه‌رزش به‌شێكی گه‌وره‌یه له ژیانم، وه‌ك قوتابییه‌ك به‌شدار ده‌بم له خولێكی ڕاهێنان بۆ له‌شجوانی، چونكه وه‌رزش ڕووخسارێكی ترمان پێ ده‌به‌خشێت، جگه له ته‌ندروستی مرۆڤ، به گرنگیی ده‌زانم بۆ ژنان.
له كوردستان ده‌ته‌وێ ببیت به چ ژنه ئه‌كته‌رێك و له دنیا ده‌ته‌وێ ببیت به كێ؟
له كوردستان ده‌مه‌وێ ببم به ژنه ئه‌كته‌ری ناسراو به‌یان زه‌ریفییه‌كی تر و له ئاستی دنیایش ئه‌فسانه پاكڕوو، گولشیفته‌ی فه‌راهانی كه كه‌سایه‌تی گه‌وره و زۆر جوانن له دنیای هونه‌ر و سینه‌مادا.
دوای نمایشكردنی شانۆكه له هه‌ولێر و بانگهێشتكردنتان بۆ سلێمانی و ده‌ربه‌ندیخان، ئه‌و گه‌شته چۆن بوو به‌لاته‌وه؟
بێگومان بۆ ئێمه مایه‌ی خۆشحاڵی بوو، چونكه دیاره كارێكی جوان و ناخهه‌ژێن بوو، سوپاسی پێشوازییه گه‌رمه‌كه‌ی خه‌ڵكی سلێمانی و شارۆكه‌ی ده‌ربه‌ندیخان ده‌كه‌م كه ڕێزێكی زۆریان بۆ ستافه‌كه‌مان نواند و نمایشه‌كه‌شیان زۆر به‌دڵ بوو.
چ رۆڵێكت هه‌بوو له‌و شانۆییه‌دا؟
له‌و به‌رهه‌مه‌دا رۆڵی كچێكی بیانیم هه‌بوو به‌ناوی سارا كه له‌لایه‌ن باوكی ده‌ستدرێژیی ده‌كرێته سه‌ر و خه‌ونی كچێنی له‌بار ده‌بات، هه‌رچه‌نده ئه‌و كچه له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دوور له داونه‌ریت و ئاینیش بوو.
هه‌ڵبژاردنی ناونیشانی شانۆی "ئافره‌ت له دۆزه‌خدا" بۆچی؟ پێتان وایه كوردستان بووه‌ته به‌شێك له دۆزه‌خ بۆ ژنان و كچان؟
باسی ئه‌و دۆزه‌خه‌مان ده‌كرد كه ئێسته بۆ ژنیان دروست كردووه، ژن ئێسته له دۆزه‌خدا ده‌ژی، مه‌به‌ستمان دنیایه‌كه‌ی تر نییه، هه‌وڵ ده‌ده‌ین ئه‌و دۆزه‌خه نه‌مێنێ، ژن جوانه، پیرۆزه، دروستكراوێكی جوانه، بۆیه پێمان سه‌یره مرۆڤ چۆن ده‌ستی ده‌چێته كوشتنی ژنی، خۆشه‌ویستی، خوشكی، كچی.
وشه/ شاخه‌وان شێخانی