دۆناڵد ترەمپ داوا لە سوپای ڤەنزوێلا دەكات پشتگیری لە گوایدۆ بكەن

:: AM:10:34:19/02/2019 ‌
لە كاتێكدا دۆخی ڤەنزوێلا لە قۆناغێكی هەستیار دایە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دەڵێ وڵاتەكەی لەگەڵ دەستاودەست كردنی دەسەڵات دایە بەشێوەی ئاشتیانە و داواش لە سوپای ڤەنزوێلا دەكات پشتگیری لە سەركردەی ئۆپۆزسیۆن لە دژی مادۆرۆ بكات.

ئەمڕۆ سێشەم 19ی شوبای/ فێبرایەرر، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا داوای لە سوپای ڤەنزوێلا كرد پشتگیری لە خوان گوایدۆ سەركردەی ئۆپۆزسیۆن بكەن كە خۆی وەك سەرۆكی كاتی وڵات ناساندووە، پێش ئەوەی دۆخەكە ئاڵۆزتر ببێت و كات تێپەڕێت.
 سەرۆكی ئەمریكا لە بەردەم هەزاران ڤەنزوێلی نیشتەجێی ئەمەریكا، پەیامێكی ئاراستەی ڤەنزوێلییەكان كرد كە واشنتن لەگەڵ دەستاودەست كردنی ئاشتیانەی دەسەڵات دایە لە وڵاتەكەیان، بەڵام ئەگەر ئەوە روو نەدات ئەوا هەموو بژاردەكان لەبەردەم ئەمەریكا كراوەیە و دەمانەوێت لە ڤەنزوێلا و كوبا سیستەمی دیموكراتی جێبەجێ بكرێت.

ترەمپ گوتی "داوا لە سوپای ڤەنزوێلا دەكەین چیتر پشتگیری لە نیكۆلاس مادۆرۆ نەكەن و خوان گوایدۆ سەركردەی ئۆپۆزسیۆن بە سەرۆكی كاتی وڵات دان پێدا بنێن، گوایدۆش بەڵێنی لێبووردنی گشتی بۆ هەموو بەرپرسیانی هێزە تەناهییەكانی ڤەنزوێلای داوە كە ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە تۆمەتباریان دەكەن بە پێشێل كردنی مافەكانی مرۆڤ".
 
زیاتر گوتی "پەیامێكم هەیە بۆهەموو ئەوانەی خۆیان بە نوێنەری شەرعی ڤەنزوێلا دادەنێنن و پشتگیری لە مادۆرۆ دەكەن تا لە دەسەڵات بمێنێتەوە، دنیا هەموویان چاویان لەسەر ئێوەیە، ناتوانن خۆتان لەبەردەم بژاردەكان بشارنەوە كە بەرەو رووتانەوە دێت، دەتوانن دەستپێشخەرییەكەی گوایدۆ قبوڵ بكەن كە لێبووردنی گشتییە و پێكەوە ژیانە بە ئاشتیانە لەگەڵ خانەوادەكانتان".
 
 سەرۆكی ئەمەریكا، بەرپرسانی پشتگیریكاری مادۆرۆی سەرپشك كرد لەوەی پشتگیری لەو دەكەن، ئاماژەی دا ئەگەر ئەوە بكەن ئەوا دەرچەیەكی پارێزرا و ئاسان بۆتان نییە و هەموو شتێك لە دەست دەدەن، گوتی "ئەمڕۆ داوا لە هەموو ئەوانە دەكەن پشتگیری لە مادۆرۆ دەكەن، ئاستێك دانێن بۆ كابوسی مادۆرۆ و دەرچوون لە هەژاری و برسیەتی و مردنی گەلی ڤەنزوێلی، كاتی ئەوە هاتووە هەموو هاوڵاتیانی ڤەنزوێلا ببن بەیەك دژ بە مادۆرۆ".

 جێی باسە لە 23ی مانگی رابردووەوە گوایدۆ وەك سەرۆكی كاتی ڤەنزوێلا خۆی ناساندووە و ئەمەریكا و زۆرینەی وڵاتانی كیشوەری ئەمەریكای لاتین و یەكێتیی ئەوروپا و ئوسترالیا و چەندان وڵاتی تریش دانیان پێدا ناوە، هەریەكە لە رووسیا و توركیا و ئێران و بۆلیڤیا كۆكن لەسەر ئەوەی هێشتا مادۆرۆ سەرۆكی شەرعی ڤەنزوێلایە.



وشە - فه‌رمان سادق