شارەزایانی ئیسرٍائیلی: داعش شكستی نەهێناوە و پەنا بۆ تاكتیكە كۆنەكانی دەباتەوە

:: AM:10:55:19/02/2019 ‌
شارەزایانی ئیسڕائیلی كۆكن لەسەر ئەوەی داعش شكستی نەهێناوە و لەمەولا دەگەڕێتەوە سەر تەكتیكە كۆنەكانی پێش راگەیاندنی دەوڵەتی ئیسلامی، ئاماژە بەوەش دەدەن كە وڵاتانی ئەوروپا ئامادەكاری بۆ وەرگرتنەوەی هەزاران چەكداری داعش دەكەن ئەمەش وایكردووە ئیسڕائیل بیر لە بەهێزتر كردنی باری تەناهی باڵوێزخانەكانی لە ئەوروپا و جیهان بكات.

میدیاكانی ئیسڕائیلی بە گرنگەوە باس لە شكستی داعش لە دوا مۆڵگەیان لە سووریا دەكەن، بەڵام كۆكن لەسەر ئەوەی گواستنەوە سەدان چەكداری داعش لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی تر، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی داعش شكستی نەهێناوە، بەڵكو وردە وردە دەگەڕێتەوە سەر تەكتیك و پلانی پێش بوونی بە دەوڵەتی ئیسلامی، ئەویش تەكتیكی هێرش و كردەی خۆكوژی و تەقینەوەكانە.
لە بەشێكی تری میدیاكانی ئیسڕائیلی كە بەشی زۆری شڕۆڤەی شارەزایان و میدیاكاران خۆیانن، باس لەوە كراوە كە وڵاتانی ئەوروپا ئامادەكاری دەكەن بۆ وەرگرتنەوەی داعشە چەكدارەكانی هەڵگری رەزگەنامەی ئەوروپی، ئەم هەنگاوەش تەنیا وڵاتانی ئەوروپا نیگەران ناكات بەڵكو ئیسڕائیلیش نیگەرانە كە جووەكان لە وڵاتانی تر بكرێنە ئامانج، بۆیە بیر لە بەهێزتر كردنی باری تەناهی باڵوێزخانەكانی ئیسڕائیل لە دنیا كراوەتەوە.

شارەزایانی هەواڵگری ئیسڕائیلی دەڵێن داعش لە دووبارە خۆ ئامادە كردنەوە دایە لەسەر شێوازە كۆنەكەی وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی بێ خاك و جوگرافیا، ئەمەش هەڕەشەیەكی گەورە دەبێت لەسەر هەموو دنیا، وەك چۆن ئێستە لە عێراق و سووریا و فلیپین و ئەفغانستان و وڵاتانی تریش كردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدات.
بەگوێرەی راپۆرتێكی دەزگای هەواڵگری سەربازی ئیسڕائیلی كە دوو هەفتە پێش ئێستە لە بەردەم دەستەی ئەركای گشتی سوپا، خستیانەڕوو دەڵێن "داعش 150 بۆ 200 هەزار چەكداری لە سەرانسەری دنیا هەیە و زۆرینەی چالاكییەكانیشی ئێستە لە سووریایە".
 
جێی باسە داعش لە دوا مۆڵگەیدا كە دەكەوێتە سەر سنووری نێوان سووریا و عێراق، شەڕی مانەوە دەكات و هێزەكانی یەكینەكانی پاراستنی گەل بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە دژی داعش لە جەنگدان و چاوەڕوان دەكرێت لە نزیكترین كات سەركەوتن بەسەر ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە رابگەیەنرێت.



وشە - فه‌رمان سادق