بەڕێوەبەری گواستنەوە و گەیاندنی پارێزگای سلێمانی ئاشكرای دەكات بەگوێرەی ڕێنوێنیی وەزارەتەكەیان، نابێت موچەخۆرانی میری كاری شۆفێری تەكسی بكەن، بەڵام جێبەجێكردنی ئەو لەبەر نالەباری باری دارایی جێبەجێنەكردوە و بەدڵنیاییەو لەگەڵ باشبوونی بارودۆخی دارایی، ئەو بڕیارە لەچوارچێوەی پرۆژەیەكدا دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
ئەمڕۆ سێشەم 19ـی شوبات، سدیق محەمەد بەڕێوەبەری گواستنەوەو گەیاندنی پارێزگای سلێمانی بۆ هاتوچۆی شارەكە ڕاگەیاندووە، وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن پێشتریش ڕێنوێنییان هەبووە كە نابێت موچەخۆری میری كاری شۆفێری تەكسی بكات، بەڵام بەهۆی تەنگەژیەی داراییەوە ڕێنوێنییەكە وەك خۆی كاری پێنەكراوە.
بەڕێوەبەری گواستنەوەو گەیاندنی پارێزگای سلێمانی گوتی، ئێستە خۆشبەختانە ئۆمێد هەیە بارودۆخەكە بەرەوباشبوون بڕوات، من پێموایە هاووڵاتیان لەگەڵ باشبوونی بارودۆخی دارایی ڕوودەكەنە ئیشی و كاری ترو ئەو مووچەیەش كە وەردەگرن بەشی بژێویان دەكات.
ئاشكرای كردووە، ئەوان ماوەی ساڵێك و شەش مانگە پرۆژەیەكیان بەهاوبەشی لەگەڵ كەرتی تایبەت ئامادەكردووە و بۆ ڕێكخستنەوەی كاری تەكسی لەناو شاری سلێمانی، پرۆژەكە بەجۆرێك دەبێت كە زۆرێك لە هاووڵاتیان و تەنانەت مووچەخۆرانیش بەگوێرەی پلەبەندیان سوودمەند دەبن، هاوكات جێبەجێكردنی پرۆژەكە لەئایندەدا بەجۆرێك دەبێت ڕۆڵی دەبێت لەكەمكردنەوەی لۆد و قەرەباڵغی شەقامەكان.
پێشتر وەزارەتی ناوخۆ ڕێنوێنی بڵاو كردەوە كە نابێت چیرت كاری تەكسی لەلایەن هێزە تەناهییەكانەوە بكرێت.