یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی تاڕادەیەكی زۆر لە گرێبەستكردن لەگەڵ بەهرەمەندێكی تری بەڕازیلی لە هێڵی بەرگری نزیك دەبێتەوە.
رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد: كارگێڕی یانەی بەرشەلۆنە لە قۆناغی كۆتایی راگەیاندنی گرێبەستكردن لەگەڵ فیتاو بەرگریكاری یانەی پاڵمیراسی بەڕازیلی دایە.
فیتاو /19 ساڵ/ یەكێكە لە هەرە بەهرەمەندەكانی ئێستای بەڕازیل لە هێڵی بەرگری و باڵایەكی درێژی 1.90سم هەیە.
یانەی بەرشەلۆنە دەیەوێ بە گرێبەستكردن لەگەڵ فیتاو سەرەتا لە تیپی دووەم یاریی پێ بكات تا بەتەواوی ئاست و تواناكانی بەرز دەبێتەوە و لەگەڵ كەش و شێوازی یاریكردنی یانەی كەتەلۆنییەكە رادێت.
فیتاو ئێستا لە ریزی هەڵبژاردەی بەڕازیل بۆ خوار تەمەن 20 ساڵ یاری دەكات و یەكێكە لە بەرگریكارە هەرە باشەكانی ئەو هەڵبژاردەیەی وڵاتەكەی.
نزیكبوونەوەی یانەی بەرشەلۆنە لە گرێبەستەكەی فیتاو لەسەر راسپاردەی ئەندرێ كۆری سكرتێری هونەر و راوێژكاری یانەكەیە لە بەڕازیل، پێشتریش توانیبووی چەندان یاریزانی بەڕازیلی بهێنێتە ریزی یانە كەتەلۆنییەكە لەسەرووی هەموویانەوە ئارسەر میلۆی یاریزانی هێڵی ناوڕاست بوو لە هاوینی رابردوودا.