سەرۆك وەزیرانی عێراق دەڵێ هاندانی وەبەرهێنەران بۆ كاری وەبەرهێنان و دووبارە ئاوەدان كردنەوەی ناوچە زیان لێكەوتووەكانی دەستی داعش، گەورەترین ئاڵنگاری بەردەم حكوومەتەكەیەتی.
عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەم 19ی شوبات/ فێبرایەر لەگەڵ ئەلكساندەر دی كرۆ جێگری سەرۆك وەزیرانی بەلجیكا و كریستوس ستالیانیسیس سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپی بۆ كاروباری یارمەتییە مرۆییەكان و ئیدارەدانی تەنگژەكان لە بەغدا كۆبووەوە.
لە بەیاننامەیەكدا كە نووسینگەی سەرۆك وەزیران لە بارەی كۆبوونەوەكە بڵاوی كردەوە،
عەبدولمەهدی بە شاندە ئەوروپییەكەی راگەیاندووە كە گەورەترین ئاڵنگاری بەردەم كابینەی حكوومەتەكەی قەناعەت پێ كردنی كۆمپانیا بیانەكانە بۆ وەبەرهێنان لە عێراق بەتایبەت پارێزگا رزگار بووەكانی دەستی داعش كە پێویستی زۆریان بە دووبارە ئاوەدان كردنەوە هەیە، جگە لەمە یەكێكی تر لە ئاڵنگارییەكانی بەردەم كابینەكەی بە لایەنە مرۆییەكە و گەیاندنی كۆمەكی مرۆیی بۆ خەڵكی ئەو ناوچەیە و ئاوارەكان ناو بردووە.
سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپی بۆ كاروباری یارمەتییە مرۆییەكان دەڵێ یەكێتیی ئەوروپا كۆمەكییەكانی بۆ عێراق زیاد كردووە، بێ ئەوەی دەستنیشانی ئەو بڕە بكات.
جێی باسە بەهۆی شەڕی دژ بە داعش، هەریەكە لە پارێزگای موسڵ و ئەنبار بە تەواوەتی لە رووی ژێرخانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی وەك ئاو، كارەبا، دامەزراوەكانی تەندروستی و خوێندن و خزمەتگوزاری داڕماوە، هاوكات چەند شار و شارۆكەیەك لە پارێزگاكانی دیالە و سەلاحەدین و كەركووك زیانی زۆریان پێ گەیشتووە و كە پێویستی بە دووبارە ئاوەدان كردنەوە هەیە بەهۆی حوكمی سێ ساڵەی داعش لەو ناوچانە.