بزووتنەوە خۆی بە زەرەرمەند دەزانی و دەڵێ‌ جارێكی تر لیستی هاوبەشی ئیسلامی پێك ناهێنین

:: PM:03:08:19/02/2019 ‌
بزووتنەوەی ئیسلامی پەیامێك بۆ یەكگرتووی ئیسلامی و لایەنە ئیسلامییەكانی تر دەنێرێت و دەڵێت، زەرەرمەندی یەكەم بوین لە دروستكردنی بەرەی ئیسلامی و جارێكی تریش بەرەی ئیسلامی دروست نابێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەم 19ی شوبات، سەلام كەریم ئەندامی سەركردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی بە "وشە"ی راگەیاند، دروستكردنی بەرەی ئیسلاح پێوەست بوو بەو قۆناغەی پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بۆیە چیتر لە هیچ كات و هەڵبژاردنێكدا یەك لیستی ئیسلامییەكان دروست نابێتەوە. دووپاتی لەوە كردەوە كە جارێكی تر لە هەڵبژاردنەكانی كوردستان و هەڵبژاردنەكانی تر لیستی بەرەو ئیسڵاح بوونی نابێت و نامێنێت.
 
بەرپرسەكەی بزووتنەوەی ئیسلامی گوتی، زەرەرمەندی یەكەم لە بەرەی ئیسڵاح بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان بزووتنەوەی ئیسلامی بوو لە ڕووی ژمارەی دەنگ و كورسی پەرلەمان، بۆیە لە داهاتوو شتێك نامێنێ بە ناوی بەرەی ئیسڵاح.

لای خۆیەوە ئەبوبەكر هەڵەدەنی ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی بە "وشە"ی راگەیاند، یەكگرتووی ئیسلامی هەمان بیركردنەوەی بزووتنەوەی ئیسلامی نییە و دروستكردنەوەی یەك لیستی ئیسلامییەكان هەڵدەگرین بۆ كاتی خۆی.

زیاتر گوتی، بزووتنەوەی ئیسلامی ئازادە لەوەی كە جارێكی تر یەك لیستی ئیسلامی دروست نەكاتەوە، ڕێز لە رای بزووتنەوە دەگرین.

بەرەی ئیسڵاح كە لە یەكگرتوو و بزووتنەوەی ئیسلامی پێكهاتبوو لە هەڵبژاردنەكانی 30ی ئەیلوولی ڕابردوو پێكەوە بەشداریان كرد، بەرەكە بزووتنەوەی نەكردە خاوەنی هیچ كورسییەكی پەرلەمان و یەكگرتووش ژمارەی كورسیەكانی لە 10 كورسیەوە بۆ پێنج كورسی كەمی كرد.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی




وشە - سه‌رخێڵ هاشم