توركمان داوای نوێنەر لە لیژنەكانی پەرلەمان دەكەن

:: PM:03:44:19/02/2019 ‌
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی گەشەپێدانی توركمان ڕای گەیاند، ئەمڕۆ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كۆبوونەوەیەكی سەركەوتووی لەگەڵ فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان ئەنجامدا و تێیدا ڕاو تێبینی فراكسیۆنەكان وەرگیرا بۆ ئەوەی نوێنەری فراكسیۆنەكان دیاری بكرێت بۆ لیژنەی یاسایی.

ئەمڕۆ سێشەم 19ی شوبات، محەمەد ئیلخانی سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی گەشەپێدانی توركمانی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ "وشە"  گوتی، ئەمڕۆ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆك فراكسیۆنەكان كۆبووە و تێیدا باس لەپێكهێنانی لیژنەی یاسایی كرا. ڕوونیشی كردەوە كە بەپێی پێرەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان هەر فراكسیۆنێك 10 ئەندامی هەبێت دەتوانی نوێنەر بۆ ئەو لیژنەیە دیاری بكات و بەمەیش تەنیا پارتی و یەكێتی و گۆران رێژەی ئەندامانیان زۆرە، بۆیە پێشنیار كرا رێككەوتنێك بكرێت بۆ ئەوەی فراكسیۆنەكانی تریش نوێنەریان هەبێت بە تایبەت پێكهاتەكان.

ڕوونیشی كردەوە هەموو فراكسیۆنەكان جگە لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەشداریان لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ كرد و كۆبوونەوەكەش بەسەركەوتووی كۆتایی هات.

دوێنی پەرلەمانی كوردستان كۆبووە و دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان هەڵبژێردرا كە بۆ یەكەمجارە ژنێك دەبێتە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان.

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم




وشە - سه‌رخێڵ هاشم