رێكخراوێك: دەستوەردانی كەسانی تر لە خێزان هۆكاری سەرەكی تەڵاقە

:: PM:03:58:19/02/2019 ‌
بەپێی بەدواداچوونی رێكخراوێكی كۆمەڵگەی مەدەنی لە ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان، زۆرترین حاڵەتەكانی جیابوونەوە لە شارەكان روودەدات و كەمترین ژن و مێر لە گوندەكان لەیەكتر جیا دەبنەوە.

ئەمڕۆ سێشەم 19ی شوبات، هەژار شەماڵ سەرپەرشتیاری رێكخراوی لاڤە بۆ خێزان بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، بەپێی بەدواداچوونی وردی رێكخراوەكەیان دەركەوتووە كە حاڵەتەكانی جیابوونەوە زیاتر لە ناو خێزانەكانی سەنتەری شارەكاندایە لە سنووری ئیدارەی گەرمیان و كەمترین حاڵەتی جیابوونەوەش لە گوندەكان روو دەدا.
 
زیاتر گوتی، دەستوەردان لەكاروباری خێزانەكان لەلایەن كەسانی نزیكەوە هۆكاری سەرەكییە بۆ جیابوونەوەی پڕۆسەی هاوسەرگیری لەشارەكان، بە پێچەوانەشەوە لەگوندەكاندا ژیان سادەترە. هەروەك ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە بوونی تەكنەلۆجیا و هۆكارەكانی گەیاندن زیاتر كاریگەریان بەسەر ژنانی شاردا هەیە.

بەپێی ئەو ئامارانەی دەست "وشە" كەوتووە، لەماوەی ساڵی ڕابردوو حاڵەتەكانی جیابوونەوە لە دادگاكانی گەرمیان گەیشتووەتە زیاتر لە 500 حاڵەت.
 
گەرمیان / سەبری هۆرێنی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم