گۆڕان: كاندید بۆ پۆستەكانمان لە حكوومەتی داهاتووی كوردستان ئامادەیە

:: PM:04:41:19/02/2019 ‌
ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان رای گەیاند، كاندیدەكانیان بۆ پۆستەكانی  وەزارەت و جێگر و راوێژكارەكان لە حكوومەتی نوێی هەرێمی كوردستان ئامادەن و هەركات لیستی براوە داوایان لێ بكات پێكەشی دەكەن.

ئەمڕۆ سێشەم 19ی شوبات، چالاك موهەندیس ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بە "وشە"ی راگەیاند، بزووتنەوەی گۆڕان كە رێككەوتنی سیاسی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی هەرێمی كوردستان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان واژوو كردووە، ئامادەیە هەركات داوای لێ بكرێت بۆ پێكهێنانی حكوومەت كاندیدەكانی پێشكەش بكات.

زیاتر گوتی، بزووتنەوەی گۆڕان، كاندیدەكانی بۆ پۆستە وەزاری و جێگری وەزیر و راوێژكار و بەڕێوەبەرە گشتییەكان ئامادە كردووە، هەركات لایەنی براوە كە پارتی دیموكراتی كوردستانە داوای لێ بكات پێشكەشی دەكات و هیچ كێشەیەكی نییە".

ئەو ئامادەكاریانەی گۆڕان لەكاتێكدایە كە دوێنی دووشەم لە پیرمام ڕێككەوتنی سیاسیی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی كوردستان لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان واژوو كرا، بەپێی زانیارییەكان گۆڕان 12%ی پۆستەكانی حكوومەتی داهاتووی پێ‌ دراوە.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا
    




وشە - سه‌رخێڵ هاشم