سووریا.. ئەمەریكا دەستبەرداری كورد نابێت

:: PM:06:02:19/02/2019 ‌

لەو كاتەی گرەوێكی زۆر لەسەر پشتتێكردنی ئەمەریكا لە كوردی سووریا دەكرێت لەلایەن توركیا و رووسیا و حكوومەتی بەشار ئەسەد بۆ گەڕانەوەیان بۆ باوەشی حكوومەتی سووریا و گەڕاندنەوەی ئەو ناوچە فراوانەی كۆنترۆڵی دەكەن بۆ سەر ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی سووریا، نووسەرێك دەڵێت، ئەمەریكا دەستبەرداری كورد نابێت و كارتی چوونەوەیش بۆ دیمەشق سوودی بۆ ئەوان نابێت.

ئەمڕۆ سێشەم سێرجی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا رای گەیاند كە ئامانجی ئەمەریكا بریتییە لە دابەشكردنی خاكی سووریا و دامەزراندنی نیوچە دەوڵەتێك لە لێواری رۆژهەڵاتی رووباری فورات، دووپاتی كردەوە كە واشنتن هاوكات رێگرە لە هاوپەیمانەكانی بۆ كاركردن لە ناوچە ئازادكراوەكان كە لەژێر دەسەڵاتی حكوومەتی سووریادان.

لە هەڕەشەیەكی روون بۆ هەر جووڵانەوەیەكی كورد بەرەو حكوومەتی سووریا گەورە فەرماندەیەكی سەربازی ئەمەریكا رای گەیاند كە ئەمەریكا ناچار دەبێت بۆ وەستاندنی یارمەتییە سەربازییەكانی بۆ هێزەكانی سووریای دیموكرات كە كورد سەركردایەتی دەكەن و ئێستە لە جەنگی رێكخراوی داعش بەردەوامن، ئەگەر لەگەڵ رووسیا و حكوومەتی بەشار ئەسەد هاوپەیمانی بكەن. 

ئەو لێدوانەی جەنەراڵ پۆڵ لاكامیرا، فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانان بە سەرۆكایەتی ئەمەریكا كە پاڵپشتی هەسەدە دەكات لە سووریا بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش، تیشك دەخاتە سەر ئەو بڕیارە سەختەی كە پێویستە هەسەدە بیدات لەگەڵ ئامادەسازییەكانی واشنتن بۆ پاشەكشەكردن بە هێزەكانی لە سووریا.

لە ماوەی رابردوو لە دوای بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كشانەوەی تەواوی هێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا، سەرانی كوردی سووریا وەك رێوشوێنێكی خۆپارێزی لە بەرانبەر ئەگەری هێرشكردنە سەریان لەلایەن سوپای توركیا، ئەوان دەستیان بە گفتوگۆ كرد لەگەڵ حكوومەتی سووریا لە رێگەی رووسیا بۆ دابینكردنی پارێزی بۆ ناوچەكانیان لە بەرانبەر سوپای توركیا كە خۆبەڕێوەبەریان هەیە.

لاكامیرا دووپاتی كردەوە كە یاسای ئەمەریكا قەدەغەی هاوكاریكردن لەگەڵ رووسیا و هێزەكانی بەشار ئەسەد دەكات، ئاماژەی كرد، ئێمە لە راهێنان و چەكداریكردنی هەسەدە بەردەوام دەبین ئەگەر وەك هاوبەشی ئێمە بمێننەوە و ستایشی سەركەوتنی ئەوانی بەسەر داعش كرد. 

لاكامیرا لە وڵامی رۆژنامەنووسان ئاماژەی كرد، ئەگەر هاوپەیمانی لەگەڵ ئەسەد بكەن پاڵپشتیان ناكەین و ئەو پێوەندییەی هەمانە، نامێنێت، چونكە ئەوان دەگەڕێنەوە بۆ ئەو رژێمەی كە پێوەندیمان لەگەڵیدا نییە یان بۆ لای رووسەكان، بۆیە ئەگەر ئەوە رووبدات، ئەوكات ئێمە چیتر هاوبەشی ئەوان نین.  

لە بەرامبەردا فەرماندەی هێزەكانی سووریای دیموكرات داوای هێشتنەوەی هەزار بۆ هەزار و 500 لە هێزەكانی هاوپەیمانان لە سووریا كرد و هیوای خواست كە ئەمەریكا پلانەكانی بۆ پاشەكشەكردن بە هێزەكانی بوەستێنێت. لەو كاتەی هەینی رابردوو گەورە فەرماندەیەكی هاوپەیمانان رای گەیاند كە پێویستە ئەمەریكا لە چەكداریكردن و یارمەتیدانی هەسەدە بەردەوام بێت لە دوای پاشەكشەكردنی چاوەڕوانكراوی ئەمەریكا لەو وڵاتە، بە مەرجی بەردەوامیی فشار بۆ سەر داعش. 

لێدوانەكەی جەنەراڵ جۆزێف ڤۆتیل، فەرماندەی سەركردایەتی ناوەندی هێزەكانی ئەمەریكا كە سەرپەرشتی هێزەكانی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات، بە بەهێزترین ئاماژە دادەنرێت بە هیوای سوپای ئەمەریكا بە بوونی هاوبەشییەكی بەردەوام لەگەڵ هەسەدە، ئەوەیش سەرەڕای مەترسییەكانی توركیای هاوپەیمانی ئەمەریكا لە ناتۆ كە شەڕوانانی هەسەدە و پەیەدە بە تیرۆر وەسف دەكات.

ئەو سەركردە دەڵێت، بەو پێیەی فشار دەخەنە سەر داعش، بۆیە لە بەرژەوەندی ئەمەریكایە كە ئەو ئامرازانەیان بۆ دابین بكەین بۆ ئەو مەبەستە، هاوكات پێشبینی كرد كە یارمەتییەكانی ئەمەریكا لەو داهاتوو بۆ هەسەدە جیاوازتر بێت كە كۆنترڵی تەواوی ناوچەكانی دەستی داعش دەكەن، بەو پێیەی رووبەڕووی جەنگێكی تری ئەو رێكخراوە دەبنەوە كە زەحمەتترە. 

لای خۆیەوە سلێمان جەعفەر، هاوسەرۆكی ئەنجوومەنی یاسادانانی هەرێمی عەفرین ئاماژە كرد كە لە كاتە جیاوازەكانی تەنگژەی سووریا، بە بەردەوام دووبارەمان كردووەتەوە كە ناوچە كوردییەكان ناوچەی سوورین و وەك كوردی سووریا نامانەوێت لەو وڵاتە جیا ببینەوە و دووپات لە لە یەكپارچەیی خاكی سووریا دەكەینەوە و كەسیش ناتوانێت لەو بابەتە موزایەدەمان لەسەر بكات، گەلی كورد تایبەتمەندی خۆی هەیە و لە 50 ساڵی رابردوو بە دەست ستەم و فەرامۆشكردن دەماناڵاند و قەدەغە بوو بە زمانی خۆمان قسە بكەین، بۆیە ئێمە سوورین و نامانەوێت جیا ببینەوە و دەستیشمان بۆ رژێمی سووریا درێژ كراوەیە، بەڵام لەسەر بنەمای داننان بە ئێمە وەك پێكهاتەیەكی گەلی سووریا و رێزگرتن لە مافەكانمان و ئەوەیە كە هەوڵی بۆ دەدەین.   

د عیماد عەبدولهادی نووسەر و رۆژنامەوان دەڵێت، واشنتن دەستبەرداری كورد نابێت و كارتی دیمەشقیش بۆ كورد سوودی زۆری بۆ ئەوان نابێت، زۆر ئاماژە هەن بۆ ئەو راستییە لەوانە تا ئێستە وەك رای گەیاندووە، دەستی بە پاشەكشەكردنی هێزەكانی نەكردووە، جیا لەوەی پنتاگۆن رێنوێنی داوە بە جێهێشتنی چەكەكانی ئەمەریكا بە دەستی شەڕوانانی كورد كە ئەوەیش توركیای توڕە كردووە. ئاماژەیشی بۆ رۆڵی گەورەی كورد لە سووریا لە رووبەڕووبوونەوەی داعش كرد و ئێستەیش ئەگەر ئەمەریكا دەستبەرداریان بێت، رووبەڕووی هەڕەشەی مانەوەیان دەبنەوە لەلایەن سوپای توركیا كە بە تیرۆریستیان دادەنێت.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل