مەسروور بارزانی و جێگری سەرۆك وەزیرانی بەلجیكا دووپات لەسەر هاوئاهەنگی زیاتر دەكەنەوە
ئەمڕۆ سێشەم 19ی شوبات، مەسروور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە ئەلێكسەندەر دی كرو، جێگری سەرۆك وەزیرانی بەلجیكا و كریستۆس ستایلینادیس كۆمیساری یەكێتی ئەوروپا بۆ یارمەتی مرۆیی و بەڕێوەبردنی تەنگژەكان و شاندی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا، وێڕای تاوتوێكردنی پەرەسەندن و پێشهاتەكان و كاریگەری شەڕی تیرۆریستان لە ناوچەكە، پەرەپێدانی پێوەندییە دووقۆڵییەكان و دەرفەتی بازرگانی و وەبەرهێنان لەنێوان هەردوولا و یارمەتی مرۆیی و هاوئاهەنگی یەكێتی ئەوروپا خرایە بەرباس.
مەسروور بارزانی سوپاسی گەل و حكوومەتی بەلجیكای كرد لە بەرانبەر هاوكارییەكانیان بۆ هێزەكانی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆریستاندا و ئاواتی خواست كە هاوكارییەكانی بەلجیكا و یەكێتی ئەوروپا بۆ ئاوەدانكردنەوە لە ناوچەكەدا و یارمەتیدانی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستاندا فراوانتر بكرێت و زەمینەیەكی لە بار بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكانی ناوخۆی عێراق بۆ زێدی خۆیان برەخسێندرێت.
لەلای خۆیەوە جێگری سەرۆك وەزیرانی بەلجیكا پێزانینی هەبوو بەرانبەر قوربانییەكانەكانی هێزی پێشمەرگە و تیشكی خستە سەر ئامانجی سەردانەكەی، كە هاوكاری كردنی هەرێمی كوردستان و عێراقە و رای گەیاند، بۆ ئەوە لێرەن تا هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخ و پێویستییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق بكەن، هاوكات ئامادەیی وڵاتەكەشی بۆ پەرەپێدانی پێوەندییەكان لە بوارە جیاجیاكاندا دەربڕی.
لەلای خۆیەوە كۆمیساری یەكێتی ئەوروپا بۆ یارمەتی مرۆیی و بەڕێوەبردنی تەنگژەكان ئاماژەی بە رۆڵی هەرێمی كوردستاندا لە داڵدەدانی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەران و ئامادەیی یەكێتی ئەوروپای لە زیاتركردنی یارمەتییە مرۆییەكان و هەماهەنگی لە گشت بوارەكان نیشاندا.
وشە -
سهرخێڵ هاشم