سەرۆك بارزانی: فەرهەنگی گەلی كوردستان ڕێگە نادات تیرۆریستان پێگەیان لە كوردستان هەبێت

:: PM:06:56:19/02/2019 ‌
ئەمڕۆ سێشەم لە سەلاحەدین سەرۆك بارزانی پێشوازی لە ئەلێكساندەر دی كرۆ جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دارایی بەلجیكا و كریستۆس سپێڵانز كۆمسیاری یەكێتیی ئەوروپا بۆ هاوكارییە مرۆییەكان كرد.

بەگوێرەی هەواڵێكی ماڵپەڕی فەرمی سەرۆك بارزانی، لە دیدارەكەدا جێگری سەرۆك وەزیرانی بەلجیكا پێزانینی بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی و هەرێمی كوردستان لە شەڕی تیرۆریستانی داعش و دروستكردنی سەقامگیری لە ناوچەكەدا هەبوو و ڕای گەیاند كە هاتنییان دووپات كردنەوەی ئەو پەیامەیە كە یەكێتیی ئەوروپا و بەلجیكا پشتگیریی ئەو هەوڵانە دەكەن كە لە كوردستان و عێراق بۆ پێشكەوتن و بەدیهاتنی سەقامگیری و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ئارادایە. ئەوەیشی خستەڕوو كە لەم ڕووەوە هێشتا كاری زۆر ماوە كە پێویستە ئەنجام بدرێن، بۆیە بەلجیكا و یەكێتیی ئەوروپا وەك هاوبەشی هەرێمی كوردستان دەمێننەوە و پابەند دەبن بەو هاوبەشیە. سوپاسی دامودەزگای هەرێمی كوردستانیشی كرد كە لە كاتی تەنگژەكاندا هاوكاری یەكێتیی ئەوروپا و دنیا بوونە بە تایبەت لە پرسی تیرۆر و هاوكاریكردنی ئاوارە و پەنابەران.

پێوەست بە بارودۆخی هەرێمی كوردستان جێگری سەرۆك وەزیرانی بەلجیكا، پیرۆزبایی لە سەرۆك بارزانی كرد بە بۆنەی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و ئەوەی بە هەنگاوێكی ئیجابی لە پێشڤەچوونی پڕۆسەی سیاسیی هەرێم لە قەڵەمدا. شاندی میوان دووپاتیان لەوەیش كردەوە كە سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی عێراق و كوردستان بۆ یەكێتیی ئەوروپا بایەخێكی تایبەتی خۆی هەیە.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی سوپاسی بەلجیكا و یەكێتیی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتیی دژی داعشی كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش پشتیوانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوونە و وێڕای دووپات كردنەوە لەوەی كە ئەو هاوكارییە ئەنجامی باشی هەبووە، ئەوەیشی دووپات كردەوە كە فەرهەنگی گەلی كوردستان ڕێگە بەوە نادات تیرۆریستان پێگەیان لە كوردستان هەبێت و سووربوونی كوردستانیشی لە دژایەتیكردنی تیرۆریستان بە شاندی میوان ڕاگەیاند.

لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی هەرێمیش سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە گرنگیی و مێژووییبوونی هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان، هەڵبژاردنی یەكەم ژن بە سەرۆكی پەرلەمان و هەروەها جێگرێكی ژن بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان بە ئاماژەیەكی زۆر باش زانی لە گەشەسەندنی سیاسی و پێشڤەچوونی كولتووری سیاسیی لە هەرێمی كوردستان.

لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیەدا هەڕەشەكانی هزری تیرۆر و توندڕۆیی لەسەر ئاساییشی ناوچەكە و دنیا تاوتوێ كرا و هەردوو لا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە بۆ ڕیشەكێشكردنی تیرۆر جگە لە شەڕی سەربازی پێویستە شەڕی ئایدیۆلۆجییای تیرۆریش بكرێت.

بارودۆخی سووریا و هەروەها پارێزگای نەینەوا و شاری مووسڵ و گەڕانەوەی ئاوارەكان تەوەری تری ئەو دیدارە بوون و لەبارەی بارودۆخی سووریا سەرۆك بارزانی نیگەرانییەكانی خۆی سەبارەت بە ئاییندەی كورد لە سووریا بە شاندی میوان ڕاگەیاند و دووپاتیشی لەوە كردەوە كە پێشهاتە سیاسی و مەیدانییەكانی سووریا نەبێتە هۆی ئەوەی زیانی زیاتر بە خەڵكی سووریا و گەلی كورد لە سووریا بكەوێت.  



وشە - سه‌رخێڵ هاشم