باڵوێزخانەی ئەمەریكا: نیازمان نییە عێراق بۆ هێرشكردنە سەر ئێران بەكار بێنین

:: PM:06:57:19/02/2019 ‌

دوای ئەو مشتومڕەی قسەكانی سەرۆكی ئەمەریكا دروستیان كرد بەوەی عێراق بۆ چاودێریكردنی ئێران لە نزیكەوە بەكار دێنن، باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا روونكردنەوەیەكی لەو بارەوە دا بەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا نایەوێت لەگەڵ ئێران بچێتە ناو جەنگەوە.

باڵوێزخانەكە رەتی كردەوە كە ئەمەریكا بەنیاز بێت خاك و ئاسمانی عێراق بۆ هێرشكردنە سەر هەر وڵاتێك بەكاربێنێت، جۆی هوود كاربەڕێكەری باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا ئەمڕۆ سێشەم بە رۆژنامەوانانی راگەیاند، پێشتر سەرۆك ترەمپ ئاماژەی كردبوو كە هێزەكانی ئەمەریكا ناچێتە ناو جەنگێكەوە كە پێویستیمان پێی نییە، بۆیە ئەو بەهیچ شێوەیەك جەنگی لەگەڵ ئێران ناوێت.    

زیاتر گوتی، هێزەكانی ئەمەریكا ئاسمان و خاكی عێراق بۆ هێرشكردنە سەر هیچ شوێن و دەوڵەتێك بەكار نایەنن و ئاماژەی كرد كە سەرۆك ترەمپ هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەر رێككەوتننی چوارچێوەی ستراتیجی لەگەڵ عێراق پێشنیاز نەكردووە.

هوود دووپاتی كردەوە كە بوونی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق لەسەر داوای حكوومەتی عێراق بووە و ئەو هێزانە و هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ناتۆیش لەسەر داوای حكوومەتی عێراق ئەو وڵاتە جێدەهێڵن، ئاشكرای كرد كە ئێستە هێزە تەناهییەكانی عێراق ئامادە نین بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەو وڵاتە بەتەنیا و ئەوەیش گەورە سەركردەكانی عێراق وا دەڵێن.

دۆناڵد ترەمپ لە 26ی كانوونی یەكەمی 2018 سەردانێكی كتوپڕی بۆ بنكەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار لە عێراق كرد و رای گەیاند كە پلانی كشانەوەیان لە عێراق نییە، ئەوان هێزەكانیان لە سووریا دەكشێننەوە و ئەگەر پێویست بكات لە عێراقەوە كردەی بەپەلە ئەنجام دەدەن، بەر لە چەند هەفتەیەكیش دووپاتی كردەوە كە بنكەی سەربازییەكانیان لە عێراق بۆ چاودێریكردنی چالاكی و جموجۆڵەكانی ئێران لە نزیكەوە بەكار دێنن. ئەوانەیش ناڕەزایەتییەكی گەورەی لەناو شیعەكانی نزیك لە ئێران دروست كرد كە جموجۆڵێكیان دەست پێ كردووە كە لەناو پەرلەمان یاسایەك دەربكەن بۆ كردنە دەرەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق.  




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل