بەرپرسێكی بزووتنەوەی ئیسلامی: یەكگرتوو بێ‌ وەفایە

:: PM:08:12:19/02/2019 ‌
ئاری عەبدوللەتیف پەرلەمانتاری پێشووی كوردستان و كادیری بزووتنەوەی ئیسلامی ڕەخنە لە یەكگرتووی ئیسلامی دەگرێ‌ و بە بێ‌ وەفا ناویان دەهێنی، هەروەك پێی وایە كە سەركردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی بێ‌ ئاگان.

لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك، ئاری عەبدوللەتیف كادر و پەرلەمانتاری پێشووی بزووتنەوەی ئیسلامی ڕای گەیاندووە، فراكسیۆنی بەرەو ئێسڵاح كوا، تا چوار ساڵی تر بۆ هیچ ئەندامێكی ئەو فراكسیۆنە نییە بڵێ من ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتووم. ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە سەركردایەتی بزووتنەوە ونبوونی دەنگ و ناوی قەوارە هاوبەشەكەی بیر چووەتەوە و بە دەنگی هەزاران كادر و پێشمەرگە و ئەندام و جەماوەری بزووتنەوە، ئەو لیستە ڕۆشتە پەرلەمان و كەچی وەك نائاگا و ناسیاسییەك دۆش داماون.

ئەو كادرەی بزووتنەوەی ئیسلامی لە بەشێكی تری ڕەخنەكانی دەڵێت، بۆ سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی دووجار شەرمنیی و بێ وەفاییە كە مەبەستی ئەوەیە پێویستە پەرلەمانتارانی یەكگرتوو وەك بەرەی ئیسڵاح خۆیان بناسێنن.

ئاری ئاشكرای كردووە كە كۆنفرانسی بزووتنەوە دەبێت لە دوو هەفتەی داهاتوودا ببەسترێت و ئەو دۆخەی بزووتنەوەی تێدایە دەبێت تێپەڕێنرێت، گۆڕانی ڕیشەیی ڕوو بدات، ئەگینا بزووتنەوە لە لێواری تیاچووندایە.

ئەو ڕەخنانەی بزووتنەوەی ئیسلامی لە یەكگرتووی ئیسلامی لە كاتێكدایە كە لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلوولی ڕابردوو ئەو دوو حزبە بە لیستێكی هاوبەش بەشداریان لە هەڵبژاردنەكەدا كرد.
 




وشە - سه‌رخێڵ هاشم