پارەی وانەبێژی مامۆستایانی تایبەت دابەش دەكرێ

:: PM:11:19:19/02/2019 ‌

چەند مانگێك دەبێت وانەبێژانی پەروەردە تایبەتەكان، ئەوانەی لە قوتابخانەكان وانە بە خوێندكارە خاوەن پێداویستە تایبەتەكان دەڵێنەوە، پارەیان دوادەكەوێت و دابەش ناكرێت،  پەروەردەی سلێمانیش دەڵێت پارەكانیان لە رێگەی لێژنەیەكەوە بۆ خەرج دەكرێت.

بەكر محەمەد, بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی رۆژئاوائ سلێمانی ئەمڕۆ سێشەم بە "وشە"ی راگەیاند, لە چەندین قوتابخانە خوێندكاری خاوەن پێداویستی تایبەت هەن كە مامۆستایان بۆ دانراوە بۆ ئەوەی وانەیان پێ بڵێنەوە.

زیاتر گوتی, بۆ نموونە خوێندكارێك شەلەل دەماخە, مامۆستای وانەبێژی بۆ دانراوە كە بەپێی وانەوتنەوە پارەی بۆ خەرج دەكرێت و لە ڕابردوودا ژمارەیەك مامۆستا بۆ ئەو قوتابخانانە دانران تا ئەو كارە بكەن.

محەمەد روونی كردەوە، ئەو مامۆستایانە بۆ یەك وانە بڕی چوار هەزار دینار وەردەگرن و ژمارەیان زۆر نییە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە وەزارەتی دارایییەوە تۆمار نەكراون، خەزێنە پارەكەیان بۆ خەرج ناكات و كێشەی دابەشكردنی پارە هەیە بۆیان.

بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی رۆژئاوائ سلێمانی دووپاتی كردەوە، لە ڕێگەی پارێزگارەوە هەوڵمان داوە بڕە پارەیەك تەرخان بكەین بۆ ئەو مامۆستایانە تا بەردەوام بن و مانگانە لە كاتی خۆیدا دابەش بەكرێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل