كاتێك به ته‌واوی له دۆخی ئێران ورد ده‌بینه‌وه، به ته‌واوی ئه‌وه ڕوون ده‌بێته‌وه كه ئه‌و وڵاته شه‌ڕ بۆخۆی ڕاده‌كێشێت و به ویستی خۆی، جه‌نگێك تووشی خۆی ده‌كات، به‌هۆی ئه‌وه‌ی بیانووی یه‌كجار زۆری داوه‌ته وڵاتانی ڕۆژئاوا به گشتی و ئه‌مه‌ریكا به تایبه‌تی تا جه‌نگ دژی تاران به‌رپا بكه‌ن، چونكه جیا له بواری چه‌كی ئه‌تۆمی و مووشه‌كی بالیستیك و ده‌ستوه‌ردان له وڵاتانی تر، تاران به یه‌كێك له‌و وڵاتانه داده‌نرێ كه ڕیزبه‌ندی یه‌كه‌می گرتووه له پێشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤ.
هه‌رچه‌نده پێشتر كۆماری ئیسلامی
ئێران ڕێی به ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ناوكی و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان دا، تا پشكنهرانیان ڕه‌وانه‌ی وڵاته‌كه بكه‌ن و كوره ئه‌تۆمییه‌كان بپشكنن و له ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی تاران بكۆڵنه‌وه، به‌ڵام له ڕووی مافی مرۆڤ و پێشێلكردنی ئازادییه‌كان تاران ڕیزبه‌ندی یه‌كه‌مین وڵاتانی گرتووه، ئه‌مه‌یش بیانوێكی تره، ئه‌گه‌ر هه‌موو ڕه‌خنه‌كان له‌باره‌ی مووشه‌كی بالیستیك و به‌رنامه‌ی ناوكی و ده‌ستوه‌ردانه‌كان كۆتایی پێ بهێنێت، ناتوانێ ڕێ له‌وه بگرێ كه وڵاتان بیانووی پێشێلكردنی مافی مرۆڤ و ئازادییه‌كان به‌كاربهێنن دژی ئه‌و وڵاته.
ئه‌مه به‌رده‌وام گرفتێكه له گه‌رووی ئێرانه‌وه و هه‌ركات وڵاتانی ڕۆژئاوا به تایبه‌تی ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل بیانه‌وێ ده‌توانن بیكه‌ن به بیانووێكی به‌هێز تا جه‌نگ دژی تاران ڕابگه‌یه‌نن، جیا له‌وان هه‌ریه‌ك له سعوودیه و به‌حرێن و وڵاتانی تری كه‌نداو به‌رده‌وام هۆشداری به ئێران ده‌ده‌ن، كه پێكهاته‌كان و ئاینزا و نه‌ته‌وه جیاوازه‌كان و ژن له كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه، بۆیه داوای گۆڕینی سیسته‌می سیاسی وڵاته‌كه له ده‌ره‌وه و ناوه‌وه‌یش زۆر ده‌گوترێته‌وه و بیانووهكانیش زۆر دیار و ڕوونن.
ئه‌گه‌ر تاران بیانووی مافی مرۆڤ و ئازادییه‌كانی تاك و ئاینزا و نه‌ته‌وه جیاوازه‌كانی سنووری وڵاته‌كه ده‌سته‌به‌ر نه‌كات و ڕێ به ڕێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤی نێوده‌وڵه‌تی و ناوخۆ نه‌دات كه كۆشش بكه‌ن و ئه‌و پێشێلكارییانه كه‌م بكه‌نه‌وه، ئه‌وان به‌رده‌وام له كێشه‌دا ده‌بێ، به پێچه‌وانه‌وه به ده‌سته‌به‌ركردنی كه‌مێك له ماف و ئازادییه‌كان ده‌توانێ چه‌ند ئامانجێك بپێكت، گرنگترینیان پاراستنی حكوومه‌ت و سیسته‌می سیاسی وڵاته‌كه‌یه و گه‌یاندنیه‌تی به كه‌نارێكی ئارام، جیا له‌وه‌یش به ئه‌ندامبوون و پابه‌ندبوون به بنه‌ماكان و ڕێككه‌وتنه‌كانی تایبه‌ت به مافی مرۆڤ و ئازادی و ڕێزگرتن له مافی تاك و ئاین و نه‌ته‌وه جیاوازه‌كان دووباره كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و وڵاتان هان ده‌دا كه پشتیوانی بن، له شوێنی ئه‌وه‌ی هه‌مووان دژی بوه‌ستنه‌وه و له‌گه‌ڵ هێرشكردنه سه‌ر تاران بن.
ڕه‌نگه به ڕێگه‌دان به هاتنی ڕێكخراوه‌كانی تایبه‌ت به ئازادی و پاراستنی مافی مرۆڤ، ئێران به‌شێك له سه‌روه‌رییه‌كه‌ی له ده‌ست بدات و چالاكی ڕێكخراوه‌كان زۆر بێ و گرفتی گه‌وره و پێشێلكاری ترسناك ببێته ڕاگه‌یه‌نراوی ئه‌و ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییانه، ئه‌مه‌یش تاران تووشی بێزارییه‌كه‌ی زۆر بكات، به‌ڵام هه‌ر باشتره به به‌روارد له‌گه‌ڵ بیانووێكی ڕه‌وا كه كه‌وتووه‌ته ده‌ست ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل و هاوپه‌یمانه‌كانیان كه ده‌یانه‌وێ به‌وهۆیه‌وه هێرش بكه‌نه سه‌ر تاران.
به‌مشێوه‌یه تاران فشاره‌كان زۆر كه‌م ده‌كاته‌وه و هاوپه‌یمانه‌كانی وڵاتانی ڕۆژئاوایش په‌رت ده‌كات و ئه‌و وڵاتانه‌ی كه ئه‌مه‌ریكا ناچاری كردوون بۆ ڕێزگرتن له مافه‌كانی مرۆڤ و ئازادی دژی ئێران بوه‌ستنه‌وه، ڕه‌نگه ئه‌وكات هه‌ڵوێستیان نه‌رمتر بێ، به‌رانبه‌ر به كۆماری ئیسلامی ئێران.
سه‌رجه‌م چاره‌سه‌ره‌كان به‌و ئاراسته‌یه‌ن كه ئێران به ڕووی دنیا بكرێته‌وه و ئازادی و ماف به پێكهاته و نه‌ته‌وه و ئاینزا جیاوازه‌كان له وڵات بدات، تا به ئازادی بژین و مافه‌كانیان ده‌سته‌به‌ر بكات و به‌هۆی جیاوازی ئاینی و مه‌زه‌وی و نه‌ته‌وه‌یی خه‌ڵك نه‌خاته گرتووخانه‌وه و مرۆڤ ئازاد بكات له‌وه‌ی چ جلێك ده‌پۆشێ، چونكه ئاینداری به زۆره‌ملێ له هیچ سه‌رده‌م و هیچ ناوچه‌یه‌كی گۆی زه‌وی سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه، ئه‌مه وانه‌یه‌كی مێژوویییه و بێگومان ده‌بێ تاران په‌ی پێ ببات.
داخستنی ڕێكخراوه ناسیاسییهكانی تایبه‌ت به مافی مرۆڤ و ئازادییه‌كان له‌لایه‌ن حكوومه‌تی تارانه‌وه په‌ڵه‌یه‌كی مه‌ترسیداره و هه‌م خه‌ڵكه‌كه‌ی به ته‌واوی تووڕه كردووه و هه‌میش وڵاتانی خستووه‌ته یه‌ك به‌ره‌وه دژ به ئێران، ته‌نیا ئه‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی و جیۆپۆله‌تیك و ئابووری زۆر گه‌وره‌یان له‌گه‌ڵ تاران هه‌یه، به‌رانبه‌ر به‌و پێشێلكارییانه خۆیان بێده‌نگ كردووه و نه‌رمی ده‌نوێنن، ئه‌مه‌یش ڕه‌وایه‌تی تێدایه، چونكه ئه‌وان قازانجی وڵات و نه‌ته‌وه‌كانی خۆیان له مافی خه‌ڵكی ئێران و ئازادییه‌كانیان پێ گرنگتره، هه‌ر وڵاتێك به‌مشێوه‌یه بیر ده‌كاته‌وه، به‌ڵام كاتێك ڕۆژئاوا ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه گه‌وره‌یه‌یان له‌گه‌ڵ تاران نه‌بێ، كه چین هه‌یه‌تی، بێگومان مافی مرۆڤ و ئازادییه‌كان ده‌كه‌ن به بیانووێكی گه‌وره و زۆر له قه‌باره‌ی خۆی زیاتر پێشانی ده‌ده‌ن، تا هێرش بكه‌نه سه‌ر ئێران و سیسته‌می وڵاته‌كه بگۆڕن.