یەكێتی دوایین هەڵوێستی خۆی ڕادەگەیەنێت

:: AM:08:56:20/02/2019 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی كۆبوونەوەیەكی بەرفراوان لە نێوان سەركردایەتی و ئۆرگانەكانی یەكێتی بەڕێوە بچێت و تێیدا دوا هەڵوێستی حزبەكە لەبارەی بەشداریكردن لە پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان تاوتوێ بكرێت لەلایەن سەرجەم ئۆرگانەكانی ئەو حزبە.

ئەمڕۆ چوارشەم 20ـی شوبات، لەتیف شێخ عومەر گوتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە میدیای حزبەكەی راگەیاندووە، مەكتەبی سیاسیی یەكێتی ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەكی فراوان بۆ ئەنجوومەنی‌ ناوەندی و مەڵبەند و كۆمیتەكان ئەنجام دەدات كە زۆربەی كادران بەشدار دەبن. 

گوتەبێژی یەكێتی گوتی، گشتاندنەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كراوە و ئاراستەی‌ ئەنجوومەنی‌ ناوەندی و مەڵبەند و كۆمیتەكان كراوە و تایبەتە بە خستنەڕووی‌ دوایین هەڵویستی‌ یەكێتیی‌ لەبارەی گۆڕانكارییە سیاسییەكان، بۆ كادران روون دەكرێتەوە.

ئاشكرای كرد، ئەو كۆبوونەوەیە كە لە تەلاری هونەر لە سلێمانی بەڕێوە دەچێت، دوای ئەوە دێت كە بەبڕیاری مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، فراكسیۆنی ئەو حزبە بەشداری نەكرد لە كۆبوونەوەی رۆژی 18/2/2019 كە تێیدا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هاتە هەڵبژاردن.

دوای ئەوەی یەكێتی لە كۆبوونەوەكانی ڕابردووی نەیتوانی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان هەڵبژێرێت بەگوێرەی ڕێككەوتنی نێوانیشیان لەگەڵ پارتی، پێویست بوو ڕۆژی 18ـی شوبات سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژاردنی بۆ بكرێت، ئەوەبوو ئەندامانی یەكێتیی لە پەرلەمان چوونە دەرەوە.



وشە - رامیار جەواد