گۆڕانكاری لە خولی ئیسپانیا و جامی سوپەر دەكرێ

:: AM:10:06:20/02/2019 ‌

یەكەتیی تۆپی پێی ئیسپانیا لە هەوڵی ئەوەدایە گۆڕانكاری لە شێوازی یارییەكانی جامی سوپەری وڵاتەكەی بكات كە ساڵانە پێش دەستپێكردنی وەرز لەنێوان پاڵەوانی خول و جامی شا بەڕێوە دەچێت.

لویس رۆبیالیس سەرۆكی یەكەتیی تۆپی پێی ئیسپانیا بە رۆژنامەی (ماركا)ی وڵاتەكەی راگەیاند: خەریكی ئەوەین دەستكاری شێوازی یارییەكانی جامی سوپەری ئیسپانیا بكەین و لە جیاتی دوو تیپ بیكەین بە 4 تیپ و یارییەكانیش لە دەرەوەی ئیسپانیا ئەنجام بدرێن.

سەرۆكی یەكەتیی تۆپی پێی ئیسپانیا هەروەها رایگەیاند: بەگوێرەی سیستەمە نوێیەكەی جامی سوپەری ئیسپانیا پاڵەوانی خول و دووەمی لەگەڵ پاڵەوانی جامی شا و دووەمەكەی بەشدار دەبن و ركابەری لەسەر بەدەستهێنانی جامەكە دەكەن.

جەختیشی كردەوە كە ئەوان تەواوی پڕۆژەكەیان ئامادە كردووە و چاوەڕێی ئەوە دەكەن یانەكانی خولی ئیسپانیا رەزامەندی لەسەر بدەن.

رۆژنامەی (سپۆرت)ی كەتەلۆنی هەروەها پەردەی لەسەر چەند گۆڕانكارییەكی تری یەكەتیی تۆپی پێی ئیسپانیا هەڵدایەوە كە ئەوانیش برێتین لە گۆڕینی وادەی یارییەكانی خولی ئیسپانیان بە رەتكردنەوەی یارییەكانی رۆژانی هەینی و دووشەم، بە بیانۆی ئەوەی لەو رۆژانەدا خەرك سەرقاڵن و بەهۆیەوە بینەریان كەم دەبێتەوە.

بێگومان ئەگەر گۆڕانكارییەكانی یەكەتیی تۆپی پێی ئیسپانیا رەزامەندیان لەسەر بدرێ، ئەوا جێبەجێكردنیان لە ركابەرییەكانی وەرزی داهاتوو دەبێت و بەمەش یارییەكانی خولی ئیسپانیا تەنیا لە رۆژانی شەموو و یەكشەمانی هەموو هەفتەیەك دەبێت.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م