گۆشتێكی مه‌ترسیدار به‌ هاووڵاتییانی سلێمانی ده‌فرۆشرێت

:: AM:10:31:20/02/2019 ‌
بەمەبەستی بنەبڕكردنی دیاردەی گۆشتفرۆشتن لە شەقامه‌كان، لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەت هەڵمەتی گرتن و رادەستكردنی سەرپێچیكارانی بە دادگا دەست پێ كردووە و بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی رای دەگەیەنێت، گۆشتەكە‌ مەترسی بۆ‌ سەر تەندروستی مرۆڤ هەیە.
 
‌ئەمڕۆ چوارشەم 20ـی شوبات، رزگار عەلی بەڕێوەبەری خۆپاراستنی سلێمانی بۆ سایتی قایمقامیەتی سلێمانی رای گەیاندووە، فرۆشتنی گۆشتی مۆرنەكراو لەسەر شەقامەكان‌ لەلایەن تەندروستی و ڤێتەرنەرییەوە مۆڵەتی پێ نەدراوە و ئەو گۆشتەشی لەسەر شەقامەكان دەفرۆشرێت، زیانی بۆ تەندروستی هاووڵاتییان هەیە.

بەڕێوەبەری خۆپاراستنی سلێمانی گوتی، سەرشەقامەكان‌ شوێنی فرۆشتنی گۆشت نییە، چونكە ئەو پیشەیە پێویستی بە شوێنی گونجاوی دوور لە تیشكی خۆر و ئامێرەكانی ساردكردنەوە و پاكوخاوێنی هەیە، بەڵام تۆز و خۆڵی شەقامەكە لەسەر گۆشتەكە دەنیشێت و پیسی دەكات.

ئاشكرای كردووە، بۆ سەلامەتی تەندروستی هاووڵاتییان، داوایان لێ دەكەین خۆیان لە كڕینی ئەو گۆشتە بەدوور بگرن و لەو شوێنە نافەرمی و ‌ناتەندروستانە گۆشت نەكڕن، لەبەرئەوەی گومانی نەخۆشییەكانی سكچوون و رشانەوە یان حومەی ماڵتا و چەندان نەخۆشی ترسناكی تری لێ دەكرێت.

ئەو ڕاگەیەنراوەی قایمقامیەتی سلێمانی لە كاتێكدایە ڕۆژانە لەسەر شەقامەكان لە دەرەوەی شار ئاژەڵ سەردەبڕێت و گۆشتەكەی دەفرۆشرێت.



وشە - رامیار جەواد