محەمەد سەڵاحی ئەستێرەی میسڕی و هێرشبەری یانەی لێڤەرپوولی ئینگلیزی لە یارییەكەی شەوی رابردوو بەرامبەر یانەی بایرن میونشن لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا یەكێك لە خراپترین یاریزانەكان بوو.
شەوی رابردوو یانەی لێڤەرپوول لە یاریی چوونی قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لەنێو یاریگەی ئەنفێڵد مێوانداریی یانەی بایرن میونشنی كرد و هەردوو یانەكەش بەبێ گۆڵ یەكسان بوون.
سەڵاح بەشێوەی سەرەكی لە ریزی یانەی لێڤەرپوول بەشداری كرد و تا كۆتاییش یارییەكەش هەر لە نێو یاریگە مایەوە.
ماڵپەڕی (هۆسكۆرد)ی جیهانی بڵاوی كردەوە: سەڵاح لە یارییەكەدا لە رووی ئاستەوە رێژەی 6.3ی لە كۆی رێژەی 10 پێدرا، بەمەش بە دووەم خراپترین یاریزانی یانەی لێڤەرپوول لە یارییەكە دانرا دوای هاوڕێكەی سادیۆ مانێی ئەستێرەی سەنیگالی.
بەشێوەیەكی گشتی سەڵاح گڵدانەوەی تۆپی بە رێژەی 6.2% بوو، هەروەها رێژەی راست و دروستی پاسەكانی 69% بوو، تەنیا دووجاریش توانیبووی بەربەستی یاریزانانی یانەی بایرن میونشن تێپەڕێنێ.
محەمەد سەڵاح لە نزیك هێڵی سزا سێ پاسی پێ درا و تێیدا دووانی ئاراستەی گۆڵ كرد، یەكێكیان راستەوخۆ بۆ نێو گۆڵ چوو و ئەوی تریشیان بۆ دەرەوە بوو.