بڕیارە هەفتەی داهاتوو لە ڕۆژی یەكشەم دەست بە دابەشكردنی بڕە پارەی كارمەندانی سەر سندووقەكانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەكانی 30ـی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو بكرێت.
ئەمڕۆ چوارشەم 20ـی شوبات، سەرچاوەیەك لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، پاكسازی تەواو لە لیستەكە كراوە و ڕۆژی یەكشەم دابەش دەكرێت.
ئەو سەرچاوەیە گوتی، دوای تەواوبوونی سەرجەم ڕێككارەكان و دەرچوونی فەرمانی خەرجكردنی پارەی كارمەندانی گرێبەستی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان بۆ ڕۆژی دەنگدانی 30ـی ئەیلوولی ساڵی 2018 ـی پەرلەمانی كوردستان.
ئاشكرای كرد، هەندێك شوێن ئەو پارەیەی تێدا دابەش كراوە، ئێستە دابەشكردنی پارەكە لە قۆناغی كۆتادایە و بۆ سنووری پارێزگای هەڵەبجەش لە هەفتەی داهاتوو لە ڕۆژی یەكشەم ۲٤/ ٢ / ٢٠١٩ دەست بەدابەشكردنی پارەی پاداشتەكە دەكرێت لەڕێی بانكی هەڵەبجەوە، بەپێی خشتەیەك كە لەلایەن فەرمانگی كۆمسیۆنی هەڵەبجەوە بۆیان دیاری دەكرێت بەپێی بنكە لاوەكییەكان.
لە ساڵی ڕابردوو لە 30ـی ئەیلوول هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستتان بەڕێوە چوو و بەهۆی ڕەتكردنەوەی ژمارەیەك لە دەنگەكانی ناو بنكەكان، بڕیار درا كارمەندانی سەر ئەو سندووقانە بێبەش بكرێن لەو پاداشتە.