هەرێمێكی نوێ‌ لە عێراق ڕادەگەیەنرێت

:: PM:12:18:20/02/2019 ‌
ژمارەیەك لە سیاسییەكانی پارێزگای نەینەوا ئاشكرایان كرد، ئامادەكاری دەكەن بۆ ڕاگەیاندنی هەرێمێكی نوێ‌ لە عێراق و پڕۆژەیەكیان بۆ ئەو مەبەستە ئامادە كردووە.

ئەمڕۆ چوارشەم 20ـی شوبات، فارس حازم جویجانی سەرۆكی كۆنگرەی كۆمیتەی ئامادەكاری هەرێمی نەینەوا لەگەڵ ژمارەیەك سیاسەتمەدارانی پارێزگای نەینەوا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری هەولێر ڕای گەیاند، سەرجەم ئامادەكارییەكان كراون كە هەرێمی نەینەوا ڕابگەیەنن كە هەرێمی نەینەوا هەرێمێكی دەستووریی عێراقە و ئەوان پڕۆژەیەكیان بۆ ئەو مەبەستە ئامادە كردووە و پێشكەشی حكوومەتی عێراق و ئەنجوومەنی نوێنەرانی دەكەن لە ڕێی نوێنەرەكانیانەوە.
 
ئاشكرایان كرد، بەهۆی هەڵكەوتە جیۆگرافییەكەیەوە بۆ هەمووان ڕوونە نەینەوا پارێزگایەكی سوننەنشینی عێراقییە و حكوومەت و هێزە عێراقییەكان لە دوای 2003ـەوە بە خراپترین شێوە مامەڵە لەگەڵ نەینەوا و ناوچە سوننەنشینەكانی عێراق كردووە.

ئەو هەڵوێستەیان و بڕیاردانیان بۆ بوون بە هەرێمێك، بەوە لێكدانەوە دوای ساڵی 2003 ئەو شارانە بە تەواوەتی لەلایەن شیعەكانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.

پێشتر لە باشووری عێراق بڕیار درا هەرێمی بەسڕە ڕابگەیەنرێت بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و سزادانی سیاسیی ناوچەكە، بەڵام حكوومەتی عێراق بەهەموو شێوەیەك دژی وەستایەوە.



وشە - رامیار جەواد