نیمار: بۆ ماوەی دوو رۆژ گریام

:: PM:01:07:20/02/2019 ‌

نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی و یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی ئاشكرای كرد كە لە ماڵەكەی خۆیدا بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام گریا بەهۆی ئەو پێكانەی لە ماوەی رابردوودا تووشی هات.

نیمار لە رۆژی 23ی مانگی رابردوو لە كاتی ئەنجامدانی یارییەكی یانەی پاریس سان جێرمان تووشی پێكانێكی مەترسیداری ژێرەوەی قاچی بووە و بڕیاریشە بەهۆیەوە تا ناوەڕاستی مانگی داهاتوو لە یاریكردن دوور بكەوێتەوە.

نیمار لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی ئیسپانی رایگەیاند: ماوەیەكی زۆری پێچوو تا رازیبووم بە قەدەری پێكانەكەم، بەڕاستی لەو ماوەیەشدا لە دۆخێكی زۆر خراپدا بووم.

زیاتر گوتی: بۆ ماوەی دوو رۆژ لە ماڵ نەهاتمە دەرەوە و بەردەوام دەگریام، راستییەكەی زۆر دڵگران بووم، چونكە هەموو ئامانجی من ئەوەبوو كە لە یاریكردن لەگەڵ تیپەكەم بەردەوام بم.

نیمار جەختیشی كردەوە كە ئەگەر یانەی پاریس سان جێرمان بگات بە قۆناغی 8ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا، ئەو كات بۆ یاریكردن ئامادە دەبێت.

یانەكە قاچێكی خستۆتە نێو قۆناغی 8ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا دوای ئەوەی لە یاریی چوونی قۆناغی 16ی خولەكەدا لەنێو یاریگەی ئۆڵد ترافۆرد بە 2 گۆڵی بێ وەڵام لە یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی بردبووەوە.

بڕیاریشە یاریی گەڕانەوە لەنێوان هەردوو یانەكە لە سەرەتاكانی مانگی داهاتوو لەنێو یاریگەی پاڕك دی پرێنس ئەنجام بدرێتەوە.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م