یەكێتی باسی هەڵوێستی نوێ دەكەن

:: PM:01:10:20/02/2019 ‌
گوتەبێژی فەرمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دوای كۆبوونەوە فراوانەكەی لە سلێمانی رای گەیاند، یەكێتی دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، قسەی جیاوازی دەبێت و ئەو كاتەی كە قسە هاتە سەر پلە و پۆستەكان، یەكێتی قسەی خۆی جیاوازتر لە خولی یەكەمی دانوستاندنەكان دەكات.

ئەمڕۆ چوارشەم 20ـی شوبات، لەتیف شێخ عومەر گوتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رای گەیاند، دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، قۆناغێكی نوێ لە رەوشی سیاسی هەرێمی كوردستان هاتووەتە ئاراوە.

گوتەبێژی یەكێتیی گوتی، یەكێتی قسە و هەڵوێستی نوێی دەبێت و ئەو هەڵوێست و قسەیەشی جیایە لەوەی پێشتر خستبوویەڕوو لەسەر پۆستەكان.

ئەو گوتانەی یەكێتی لە كاتێكدایە ئەمڕۆ كۆبوونەوەی حزبەكەی لە شاری سلێمانی هەبوو و كۆسرەت ڕەسووڵ جێگری‌ یەكەمی سكرتێری‌ گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی‌ كوردستان لە كۆبوونەوەی لەگەڵ ئۆرگانەكانی حزبەكەی گوتی، هەرچی‌ زووە كۆنگرەی‌ یەكێتییانە دەبەستین.

جێگری یەكەمی سكرتێری یەكێتی ئاشكرای كرد، چاكسازی‌ ڕاستەقینە لەناو ڕیزەكانی‌ یەكێتیی نیشتمانیی‌ كوردستان دەستی‌ پێ كردووە.

بۆ كۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان ئاماژەی دا، ڤیتۆمان لەسەر هیچ لایەنێك نەبووە بۆ بەشداری لە حكوومەت و هیچ كاندیدێكیشیان، ڤیتۆش لە هیچ لایەنێك قبووڵ ناكەین لەسەر كاندیدەكانی یەكێتی.

جێگری‌ سكرتێری‌ گشتیی یەكێتیی ئەوەشی‌ ڕوون كردەوە، لەگەڵ یەكڕیزی نیشتمانیداین و دژی شەڕی ناوخۆ و دووبەرەكی لە هەرێمی كوردستان دەوەستینەوە، بۆیە كادرانی یەكێتیی دڵنیا دەكەینەوە یەكێتیی سوورە لەسەر سیاسەتی نیشتمانی خۆی.




وشە - رامیار جەواد