نرخی دۆمه‌ڵان بۆ نیوه‌ی نرخی ساڵانی دابه‌زیوه
وه‌رزی كۆكردنه‌وه‌ی رووه‌كی دۆمه‌ڵان ده‌ستی پێ كردووه و له كوردستان خه‌ڵك حه‌ز به خواردنی ده‌كه‌ن. له ساڵانی رابردوودا گرانیی ئه‌و رووه‌كه هۆكار بوو له‌وه‌ی زۆر كه‌س ددان به جه‌رگی خۆیدا بنێت و خه‌یاڵی چێژهكهی له مێشك بكاته ده‌ره‌وه، به‌ڵام ئه‌مساڵ به‌رهه‌مه‌كه زۆر و نرخه‌كه‌یشی هه‌رزانه و له توانای خه‌ڵكدایه چێژی لێ وه‌ربگرێت.
ده‌گوترێ ئه‌و ساڵه‌ی كه پایزه‌كه‌ی پڕباران بێت و هه‌وره تریشقه زۆر بێت، له به‌ره‌به‌ری به‌هاره‌كه‌ی دۆمه‌ڵان زۆر ده‌بێت. له وه‌رزی باران و سه‌رمای ئه‌مساڵ بڕێكی زۆری باران باریوه و به‌رهه‌می ئه‌و بارانه زۆره‌ش ته‌نیا بووژانه‌وه‌ی سه‌رچاوه ئاوییه‌كان نه‌بووه، به‌ڵكو ئه‌و رووهكانهیش زۆر بوون كه پشت به باران و هه‌وره‌تریشقه ده‌به‌ستن.
ماوه‌یه‌كه بازاڕه‌كانی كوردستان پڕ بوون له دۆمه‌ڵان و له‌سه‌ر شه‌قام و شوێنه گشتییه‌كان دێنه فرۆشتن، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هێشتا باران ناوه ناوه ده‌بارێت و ده‌رفه‌تی وشكبوونه‌وه‌ی به زه‌وی نه‌داوه. له باشوور و رۆژئاوای عێراق كه رێژه‌ی باران روویان له كه‌میی كردووه، ده‌رفه‌تی كۆكردنه‌وه‌ی دۆمه‌ڵان زیاتر بووه.
به‌رهه‌مه‌كه زۆره و به لێشاویش هاورده‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێ، هه‌ر ئه‌وه‌ش هۆكار بووه له‌وه‌ی نرخی ئه‌م رووه‌كه گرانبه‌هایه له چاو ساڵی رابردوو بۆ نیوه دابه‌زێت.
محه‌مه‌د كه‌ریم یه‌كێكه له‌و كاسبكارانه‌ی له شه‌قامی 100 مه‌تریی هه‌ولێر له‌سه‌ر پشتی پیكابه‌كه‌ی دۆمه‌ڵانی خستووه‌ته ڕوو و كڕیار ده‌وره‌یان داوه.
لای ئه‌و كاسبكاره به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه سێ جۆر دۆمه‌ڵان هه‌یه كه هه‌ر كامیان نرخێكی جیاوازیان هه‌یه. گرانترین جۆریان ره‌نگی سووره و قه‌باره‌كه‌ی مامناوه‌ندییه كه هه‌ر كیلۆیه‌كی به 15 هه‌زار دینار ده‌فرۆشن. ئه‌م جۆره دۆمه‌ڵانه به گوته‌ی فرۆشیاره‌كه "به باشترین جۆری دۆمبه‌ڵان" هه‌ژمار ده‌كرێت.
جۆرێكی تری دۆمه‌ڵان خراوه‌ته‌ڕوو، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی قه‌باره‌كه‌ی زۆر گه‌وره‌تره، كه‌چی كیلۆی به نۆ هه‌زار دیناره. ره‌نگی دۆمهڵانهكه زیاتر به ره‌نگی سپی خۆی ده‌نوێنێت.
كاسبكاره‌كه به"وشه" ده‌ڵێت، ئه‌وانه‌ی زۆر دۆمه‌ڵان ده‌خۆن، به ئاسانی ده‌توانن باشی و خراپی رووه‌كه‌كه جیا بكه‌نه‌وه. ئاماژه‌ی به هه‌ندێك جۆری دۆمه‌ڵان كرد كه زیخیان تێدایه و خواردنیان زۆر شیاو نییه، به‌ڵام هه‌ندێكی تر زۆر پته‌و و به‌تامن و تام و بۆیه‌كی زۆر تایبه‌تیان هه‌یه.
له كوردستانیش ماوه‌یه‌كه خه‌ڵك روویان له ده‌شت و نزار كردووه به‌و ئامانجه‌ی دۆمه‌ڵان كۆ بكه‌نه‌وه، به‌ڵام ده‌گوترێ جارێ زووه بۆ كۆكردنه‌وه‌ی و ئه‌وانه‌یشی كۆ ده‌كرێنه‌وه قه‌باره‌یان بچووكه.
دانا كۆیی كه له عه‌لوه‌ی هه‌ولێر نووسینگه‌ی هه‌یه، بۆ "وشه" باسی له‌وه كرد كه ئێسته زۆرینه‌ی ئه‌و دۆمهڵانانهی له بازاڕ دێنه فرۆشرتن، له پارێزگاكانی تری عێراقه‌وه هاورده ده‌كرێن و هۆكاره‌كه‌یش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه له‌وێ زووتر به‌هار ده‌ست پێ ده‌كات، به‌ڵام له كوردستان هێشتا باران درێژه‌ی هه‌یه.
وه‌ك دانا باسی كرد "رۆژانه لانی كه‌م چوار تۆن دۆمه‌ڵان ده‌گاته گومركی هه‌ولێر و پاشان له بازاڕه‌كان ساغ ده‌كرێته‌وه". ئه‌وه‌ی دۆمه‌ڵانی ئه‌مساڵ له هی ساڵی رابردوو جیا ده‌كاته‌وه، ته‌نیا زۆرییه‌كه‌ی نییه، به‌ڵكو له نرخیشدا بۆ نیوه‌ی ساڵانی رابردوو دابه‌زیوه.
باشترین جۆری دۆمه‌ڵان له‌و نووسینگه‌یه به 10 هه‌زار دینار دێته فرۆشتن و تا ده‌گاته سه‌ر شه‌قام و بازاڕ 15 هه‌زار دینار تێده‌په‌ڕێنێت و خراپهكهیشی كیلۆی به پێنج هه‌زار دیناره.
هه‌رزانبوونی ئه‌م رووه‌كه له كاتێكدایه كه له ساڵانی رابردوو نرخه‌كه‌ی تا سه‌رووی 30 هه‌زار دینار و هه‌ندێك ساڵ تا 50 هه‌زار دیناریش به‌رز بووه‌ته‌وه ته‌نیا بۆ كیلۆیه‌ك.
به‌گوته‌ی ئه‌و خاوه‌ن نووسینگه‌یه، ئه‌گه‌ر دۆمه‌ڵانی كوردستان پێ بگات، تامی خۆشتره و ره‌نگ سوورهكهیه و كوالێتیشی باشتره، له‌مه‌ودوا له‌گه‌ڵ كه‌مبوونه‌وه‌ی باران و ته‌ڕی و قوڕی، دۆمه‌ڵانی زیاتریش كۆ ده‌كرێته‌وه.
كاسبكارێكی تر كه له‌سه‌ر عاره‌بانه‌كه‌ی دۆمه‌ڵانی هه‌ڵڕشتووه و ئه‌وه ده‌خاته ڕوو كه له به‌عشیقه /رۆژهه‌ڵاتی مووسڵ/ دۆمهڵانهكهی هێناوه و له‌به‌رئه‌وه‌ی ورده، كیلۆی به شه‌ش هه‌زار ساغی ده‌كاته‌وه.
له‌و كاته‌دا هاووڵاتییه‌ك بۆ مه‌به‌ستی كڕینی دۆمه‌ڵان له ئۆتۆمبێله‌كه‌ی دابه‌زی و به‌هۆی ئه‌وه‌ی به دڵی نه‌بوو، له كڕینی پاشگه‌ز بووه‌وه. ئه‌و كه پێ ده‌چوو له ناسینی دۆمه‌ڵان شاره‌زا بێت، بۆ "وشه" گوتی "له دۆمه‌ڵانی قه‌ره‌چووغ ده‌گه‌ڕێم و هیچ جۆره دۆمهڵانێك ناتوانێ بۆ تام و كوالێتی شان له شانی بدات."
دۆمه‌ڵان رووه‌كێكی خۆڕسكی وه‌رزییه، دوای بارانێكی باش له وه‌رزی پایز و زستان له‌ژێر زه‌وی پێ ده‌گات. كێشی دۆمه‌ڵان له 40 گرامه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات و هه‌ندێك جار تا نیوكیلۆ به‌رز ده‌بێته‌وه، به‌شێوه‌ی خۆڕسك له ده‌شت و بانه لماوییهكان له قووڵایی پێنج بۆ 15 سانتیمه‌تر ده‌ڕوێت. ئه‌و كه‌سه‌ی له دۆمه‌ڵان ده‌گه‌ڕێت به قه‌ڵشین و به‌رزبوونه‌وه‌ی خۆڵ بۆی ده‌رده‌كه‌وێت ژێره‌وه‌ی دۆمه‌ڵانی تێدایه.
به‌گوێره‌ی توێژینه‌وه‌كان له هه‌ر 100 گرام دۆمه‌ڵاندا 70% ئاو، 16.4% كاربۆهیدرات، 0.5% چه‌وری، 5.6% پرۆتین، 1.96% كانزاكانی وه‌ك پۆتاسیۆم، سۆدیۆم، كالیسیۆم، مه‌گنیسیۆم، فسفۆر، كلۆر و ئاسن هه‌یه، هه‌روه‌ها دۆمه‌ڵان به رێژه‌ی جیاواز ڤیتامینه جۆراوجۆره‌كانی تێدایه.
* باشترین جۆری دۆمه‌ڵان له گومركی هه‌ولێر كیلۆی به 10 هه‌زار دیناره.
* كێشی دۆمه‌ڵان له 40 گرامه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات و هه‌ندێك جار تا نیوكیلۆ به‌رز ده‌بێته‌وه.