وێنە.. رۆژی جیهانیی زمانی دایك لە دهۆك كرایەوە

:: PM:03:21:20/02/2019 ‌

ساڵانە ڕۆژی 21ـی شوبات لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكان وەك ڕۆژی جیهانی زمانی دایك دیاری كراوە، لە پارێزگای دهۆك دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگای دهۆك رۆژی جیهانی زمانی دایك بە چەند چالاكییەكی جۆراوجۆر بەرز راگرت.

ئەمڕۆ چوارشەم 20ـی شوبات، ئەحمەد زوبێر بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگای دهۆك بە"وشە"ـی راگەیاند، بەبۆنەی رۆژی جیهانی زمانی دایك وەك بەریَِوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگای دهۆك، هەڵساین بە یادكردنەوەی یادی رۆژی جیهانی زمانی دایك.

ئەو بەرپرسەی پەروەردە گوتی، یادەكە بە چەند چالاكییەكی جۆراوجۆر لەناو قوتابخانەی لەیلانی كچان لە ناوەندی شاری دهۆك بەڕێوە چوو، هەروەها لە چوارچێوەی یادەكەدا پێشانگایەكی فۆتۆگرافی و شێوەكاری كرایەوە كە دەربڕین بوو لە سەركردە تێكوشەر و پێشمەرگە قارەمانەكان دەكرد بۆ بەرگریی لە خاك و نیشتمانی كوردستان.

هاوكات ئاواز نهێلی بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری دهۆك بە "وشە"ـی راگەیاند، بەبۆنەی رۆژی جیهانی زمانی دایك سبەی لە شاری دهۆك چالاكییەكی تایبەت بەو یادە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی هونەری و رۆشنبیری ساز دەكرێت.

رۆژی 21ـی شوبات لە سەرانسەری دنیادا دەستنیشان كراوە بۆ زمانی دایك، لەو رۆژەدا چالاكی جۆراوجۆر بەڕێوە دەچێت و داوای پەرەپێدانی زیاتری زمانی دایك دەكرێت.

دهۆك/ نەوزاد هلۆری














وشە - رامیار جەواد