لیژنەی ئامادەكاری هەرێمی نەینەوا داوای پشتگیری لە كوردستان دەكات

:: PM:04:19:20/02/2019 ‌
لیژنەی ئامادەكاری هەرێمی نەینەوا، دووپات لە یاسایی و دەستووری داواكاری دامەزراندنی هەرێمی نەینەوا دەكات و دەڵێ، پێویستیمان بە پشتگیری هەرێمی كوردستان هەیە وەك دراوسێیەكی سەقامگیر.

ئەمڕۆ چوارشەم 20ی شوبات/ فێبرایەر، دووەم كۆبوونەوەی لیژنەی ئامادەكاری هەرێمی نەینەوا لە هەولێر بەڕێوە چوو، فارس حازم جویجانی سەرۆكی كۆنگرەی لیژنەی ئامادەكاری رای گەیاند، دامەزراندنی هەرێمی نەینەوا یاسایی و دەستوورییە، چەندەش كات تێپەڕێت ئەو هەرێمە هەر دروست دەبێت، بۆیە بەهیچ شێوەیەك نابێت دوا بخرێت.

 گوتی "هەرێمی كوردستان پەناگەیەكە بۆ ستەم لێكراوان بەتایبەت خەڵكی مووسڵ، ئێمەش لە كوردستان زۆر نزیكین و هاوسنوورین، بۆیە پێویستی زۆرمان بە كوردستان هەیە، ئەمەش وایكردووە پێوەندییەكی باشمان لەگەڵ كوردستان هەبێت".

جێی باسە پرسی هەرێمی نەینەوا، پێش داعشیش بوونی هەبوو كە لەگەڵ ئەنبار و سەڵاحەدین ببن بە هەرێمێك، بەڵام بەهۆی ناكۆكی نێوان هێزە سوننەكان خۆیان پڕۆژەكە سەركەوتوو نەبوو، جگە لە نەینەوا ئەوا پێكهاتەكانیش داوای پارێزگا لە دەشتی نەینەوا دەكەن و بەسڕاییەكانیش داوای هەرێمی بەسڕە دەكەن.

جێی بیرخستنەوەیە داعش لە حوزەیرانی 2014 موسڵی داگیر كرد، لە ئۆكتۆبەری 2017 لەلایەن سوپای عێراق بە هاوكاری سوپای هاوپەیمانانن ئەو شارە لە چنگی دعش رزگاری بوو، بەڵام زیاتر لە 80%ی خاپوور بووە و نیوەی دانیشتووانەكەشی لە هەرێمی كوردستان ئاوارەن و نەگەڕاونەتەوە بۆ زێدی خۆیان.



وشە - فه‌رمان سادق