مەسروور بارزانی: هۆكارەكانی سەرهەڵدانی تیرۆر چارەسەر نەكرێن زەمینەی سەرهەڵدانەوەی توندوتیژی بەردەوام دەبێت

:: PM:04:24:20/02/2019 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم 20ی شوبات، مەسروور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە جەنەڕال پۆڵ لێكامێرۆ فەرماندەی گشتی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و شاندی یاوەری كرد.

‎لەم دیدارەدا پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و پێشخستنی زیاتری میكانیزمی هاوئاهەنگی نێوان هێزە پێوەندیدارەكان و بەگژداچوونەوەی هەڕەشەی تیرۆریزم گفتوگۆیان لەسەر كرا.

‏‎مەسروور بارزانی وێڕای دووپات كردنەوە لە بایەخ و گرنگی هاوكاری زیاتری هێزی پێشمەرگە بۆ بەگژداچوونەوەی‌ هەڕەشەكانی تیرۆریستان، ئاماژەی بە پەرەسەندنی جمووجۆڵ و كردەوە تیرۆریستییەكان لە چەند پارێزگایەكی عێراق دا و رای گەیاند، ئەگەر لەبنەڕەتەوە هۆكارەكانی سەرهەڵدانی تیرۆر و توندوتیژی لە ناوچەكە چارەسەر نەكرێن، زەمینەی سەرهەڵدانەوەی توندوتیژی لە ژێر ناو و شێوازی جیادا بەردەوام دەبێت.

‎لە بەرانبەردا فەرماندەی گشتی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا دووپاتی كردەوە، كە هاوپەیمانان لە هاوكاری و مەشق و پاڵپشتیكردنی هێزەكانی پێشمەرگە و عێراق بەردەوام دەبن، بۆ پاراستنی ناوچەكانیش هاوبەشی و هاوئاهەنگی نێوان ئەم هێزانەی بەپێویست زانی.

لەبەشێكی تری ئەو دیدارەدا پەرەسەندنەكانی رەوشی سووریا، بەتایبەتی ناوچەكانی رۆژهەڵاتی فورات گفتوگۆی لەسەر كرا، پێوەست بەو بابەتە راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان نیگەرانی خۆی لە ئەگەر و پێشهاتەكان لەو ناوچانە دەربڕی و دووپاتی لە گفتوگۆ و چارەسەری سیاسیانەی رەوشەكە كردەوە و رای گەیاند، پێویستە لە گفتوگۆكاندا گەرەنتی ماف و ئاسایشی گەلی كورد لەو وڵاتەدا لەبەرچاو بگیردرێت.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم