بە نووسراوی فەرمی حكوومەتی عێراق بڕیارەكانی پێشتری پارێزگاری كەركووك تایبەت بە گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیای نەوتی و شیش هەڵدەوەشێنێتەوە، دوای ئەوەی راكان جبووری پارێزگاری سەپێنراوی ئەو شارە رێككەوتنێكی نەوتی سەردەمی نەجمەدین كەریمی جێبەجێ كرد، بەمەیش دەسەڵاتەكانی جبووری لە پێوەند بە نەوت و وزە سنووردار دەكرێت.
بە پشت بەستن بە رێنوێنی نوێی ئەمینداریەتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیران و هەندێك لە وەزارەتە تایبەتمەندەكانی پێوەند بە نەوت و وزە و پرسە داراییەكان و پیسەسازی، راكان جبووری پارێزگاری سەپێنراوی كەركووك بە نووسراوێكی فەرمی ئاراستەی دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پۆلیسی فیدڕاڵ و سەركردایەتی فیرقەی تایبەت و سەركردایەتی پۆلیسی كەركووك و ئاسایشی كەركووك كردووە، تێیدا هەموو نووسراوەكانی پارێزگای كەركووك كە لە دیوانی پارێزگا بە واژووی پارێزگار یان بریكارەكەی رەت دەكاتەوە كە تایبەتە بە پرسی ئاسانكاری گواستنەوەی بەرهەمە نەوتییەكان و شیش و كاری كۆمپانیا تەناهییەكان لە كەركووك بە هەموو بەشەكانییەوە بەگوێرەی رێنوێنی دەرچوو لە ئەمینداریەتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتە پێوەندارەكان.
نووسراوەكە كە واژووی راكان جبووری لەسەرە بە ژمارە "121" لە 29ی كانوونی دووەم/ یەنایەری ئەمساڵی لەسەرە، دەڵێ، دیوانی پارێزگا كاری تەنیا ئاسانكاری بەجێ گەیاندنی رێنوێنییەكانی ئەمینداریەتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانە بەگوێرەی دەسەڵاتەكانی پارێزگار بۆ كاری هاوئاهەنگی جگە لەمە هیچ نووسراوێك كاری پێ ناكرێت ئەگەر رەزامەندی ئەمینداریەتی یان وەزیری تایبەتمەندی نەبێت.
لە نووسراوەكەی پارێزگای كەركووك ئەوە روون نەكراوەتەوە مەبەست لە رەت كردنەوەی نووسراوەكانی پێشتری پارێزگاری كەركووك كامانە نووسراو و بڕیارن، بەڵام بەگوێرەی رێنوێنییەكان ئەمینداریەتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیران بێت، ئەوا پرسەكانی پێوەند بە نەوت و وزە و شیش و كۆمپانیا تەناهییەكان لە دەسەڵاتی راكان جبووری نەماوە و دەبێت رەزامەندی ئەمینداریەتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی لەسەر هەبێت.
كامەران كەركووكی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، دەڵێ نووسراوەكە دوای ئەوە هات كە راكان جبووری كاری بە رێككەوتنێكی پێشتری نێوان نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركووك و كۆمپانیای نەوتی "B.P"ی بەریتانی كردووە بۆ نۆژەن كردنەوەی كێڵگە نەوتییەكانی كەركووك، ئەمەیش لەلایەن وەزارەتی نەوت و ئەمینداریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی لێپرسینەوەی لەسەر كراوە، پێیان راگرتووە، گوتی "هەر بەو هۆیەوە هەموو نووسراوەكانی پارێزگاری كەركووك هەڵوەشێنراوەتەوە كە پێوەندارن بە پرسی نەوت و وزە، شیش و سیكڕاب". زیاتر گوتی "ئەوەی پێوەندی بە شیش هەیە، پێشتر ئەوانە رەوانەی كارگەی شیشی سلێمانی دەكران، دیارە بەگوێرەی ناوەڕۆكی بڕیارەكە ئەوەیش هەڵوەشاوەتەوە و رەنگە ئێستە رەوانەی كاریگەی شیشی بەسڕەی بكەن".
جێی باسە دوای 16ی ئۆكتۆبەر و رووداوەكانی دواتری، نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركووك بەهۆی مەترسیی لەسەر ژیانی شارەكەی جێهێشت و تا ئێستە نەگەڕاوەتەوە بۆ كەركووك بەهۆی تێكچوونی دۆخی تەناهی ئەو شارە.