توێژینەوەیەكی ئەمەریكی ئاماژە دەكات كە ئەو نەخۆشانەی جۆری دووەمی شەكرە ئەوانەی بە رێكوپێكی چەرەزات دەخۆن، كەمتر تووشی كێشەی دڵ دەبنەوە بە بەراورد بە هاوتاكانیان كە نایخۆن.
توێژینەوەكە روونی دەكاتەوە كە نەخۆشانی تووشبوو بە شەكرە ئەوانەی لە هەفتەیەكدا 28 گرام چەرەزانیان پێنج جار بەلایەنی كەم خواردووە، كەمتر تووشی نەخۆشی دڵ بوونەتەوە بە رێژەی 17% بە بەراورد بەوانەی جارێك لە هەفتە خواردوویانە، وەك ئاژانسی "رۆیتەرز"، باسی لێوە دەكات.
سەبارەت بە نەخۆشانی شەكرە ئەگەر لە هەفتەیەكدا جارێك چەرەزات بخۆن، رێژەی ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی دڵ 3% كەم دەبێتەوە و هەروەها رێژەی مەترسی مردنیان بەهۆی نەخۆشی دڵ 6% كەم دەكات.
جانگ لیو توێژەر لە بورای خۆراك لە زانكۆی هارڤارد لە بۆستن دەڵێت، ئەو توێژینەوە پاڵپشتی لەوە دەكات كە چەرەزات ببێتە بەشێك لە خۆراكی تەندروست بۆ خۆپاراستن لە چەند نەخۆشی وەك دڵ و لوولەكانی خوێن و مردنی پێشوەخت لە نەخۆشانی شەكرە. شایەنی باسە چەرەزات بە ترشی چەوری ناتێر و خۆراكی تری گرنگ دەوڵەمەندە.