لەگەڵ توندتر بوونی ململانێی نێوان ئەمەریكا و ئێران، تا دێت هەوڵەكانی كردنەدەرەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق گەرمتر دەبێت، ئەندامێكی هاوپەیمانی ئیسڵاح كە موقتەدا سەدر پاڵپشتی دەكات ئاماژەی كرد كە هەردوو هاوپەیمانی فەتح و سائیروون سوورن لەسەر كردنە دەرەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق.
رەعد حوسێن، ئەمڕۆ چوارشەم لێدوانەكانی دوێنێی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق رەت كردەوە و رای گەیاند، هێزەكانی ئەمەریكا ژمارەیەكی زۆری بنكەی سەربازیان لەناو عێراق هەیە هەر لە پارێزگاكانی رۆژئاوا تا باكوری وڵات بڵاو بوونەتەوە، لەو كاتەی عەبدولمەهدی باسی نەبوونی بنكەی سەربازی ئەمەریكا لە عێراق دەكات.
زیاتر گوتی، رێككەوتننی ستراتیجی لەوەتەی هاتنی داعش بۆ ناو عێراق و داگیركردنی سێ پارێزگا و رێگری نەكردنیان لەلایەن ئەمەریكاوە كاری پێ ناكرێت و ئێستەیش ئەوان چەند بنكەیەكی سەربازیان بۆخۆیان داگیر كردووە وەك عەین ئەسەد لە ئەنبار و قسەكانی دۆناڵد ترەمپیش لەوێ بەڵگەیە لەسەر ئەوە.
ئەو ئەندامەی ئیسڵاح دووپاتی كردەوە كە هەردوو هاوپەیمانی فەتح و سائیروون سوورن لەسەر هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتننی ستراتیجی لەگەڵ ئەمەریكا و دەركردنی هێزە شەڕوانییەكانیان بە رێگەی یاسایی و دیپلۆماسییەوە، ئەگەر ئەوانە سەریان نەگرت، ئەوە پەنا بۆ رێگەی تر دەبەین بۆ دەركردنیان.
هەر ئەمڕۆ كەریم علێوی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح كە هادی عامری سەرۆكایەتی دەكات گوتی، بەستنەوەی مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق بە داوای حكوومەتی عێراق فیڵكردنە و دووپاتی كردەوە لە یەكەم دانیشتنی دووەم وەرزی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسای كردنە دەرەوەی هێزە بیانییەكان لە عێراق دەدەین.