پێوەندی نهێنی ترەمپ و شازادە محەمەد ئاشكرا دەبێت

:: PM:09:07:20/02/2019 ‌
دواجار كۆنگرێسی ئەمەریكی دەستی گەیشتە زانیارییە نهێنییەكانی پێوەندی نێوان دۆناڵد ترەمپ و شازادە محەمەد بن سەلمان، میدیاكانیش دەڵێن، كۆنگرێس بەو نهێنیانە شۆك بووە كە لیژنەی چاودێری پەرلەمانی ئەمەریكی بڵاوی كردووەتەوە.

تۆڕی هەواڵی "ئێن بی سی نیوز"ی ئەمەریكی لە راپۆرتێكیدا وردەكاری راپۆرتێكی لیژنەی چاودێری پەرلەمانی ئەمەریكا لە بارەی پێوەندی نهێنی و پلانی نهێنی نێوان دۆناڵد ترەمپ و محەمەد بن سەلمان ئاشكرا دەكات كە ئەوەی یەكەم ئامادەیی دەربڕیوە تەكنەلۆجیای زۆر هەستیار بە سعوودیە بدات.

میدیا ئەمەریكییەكە لە راپۆرتەكەیدا ئاماژەی بەوەداوە كە دۆناڵد ترەمپ بە شەخسی خۆی سەرپەرشتی پلانە نهێنییەكەی كردووە كە پەلە بكرێت لە گواستنەوەی تەكنەلۆجیای وزەی ناوەكی زۆر هەستیار بۆ سعوودیە، لەسەر ئەمەش لیژنەی چاودێری پەرلەمانی ئەمەریكی دەستی كردووە بە لێكۆڵینەوە و ترسێكی گەورەی هەیە لەوەی كۆشكی سپی پلانی هەبێت بۆ دامەزراندنی كورەی ئەتۆمی لە چەند ناوچەیەكی سعوودیە.

 "ئێن بی سی نیوز" لە چەند سەرچاوەیەك لە ناو لیژنەی چاودێری پەرلەمانی ئەمەریكی بڵاوی كردووەتەوە، ئەوەیان دووپات كردووەتەوە كە پلانی ترەمپ نهێنی بووە و لە ئەگەری سەركەوتنی ئەوا سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕستی تێك دەدا و چەندان دەوڵەتی تریش ویستی خۆیان بۆ دەستخستنی تەكنەلۆجیای چەكی ئەتۆم دەدا.

 بەگوێرەی راپۆرتەكە بێت ئەوا ترەمپ و تیمەكەی لە كۆشكی سپی هانی كۆمەڵێك كۆمپانیای نزیك لە خۆیان داوە كە تەكنەلۆجیای هەستیاری ئەتۆمی بۆ سعوودیە بگوازنەوە، دەڵێ هەوڵەكانی ترەمپ بۆ گواستنەوەی ئەو تەكنەلۆجیایە تا ئێستەش بەردەوامە.

"ترەمپ لەگەڵ چەندان شارەزای پێشخستنی توانای ناوەكی لە 12ی ئەم مانگە دیداری ئەنجامداوە بە مەبەستی بنیادنانی كارگە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەوانە لە عەرەبستانی سعوودیە"، لە راپۆرتەكەدا وەها باسكراوە، ئەوەش خراوەتەڕوو كە جارید كۆشنەر زاوای ترەمپ و گەورە راوێژكار لە كۆشكی سپی، بڕیاریداوە گەشتێكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكات لەم مانگەدا و لە سعوودیەش چاوی دەكەوێت بە شازادە محەمەد بن سەلمان جێنشینی عەرەبستانی سعوودیە، بۆ ئەوەی كاری زیاتر لەسەر ئەو پلانە بكەن لە چوارچێوەیەكی فراوانتر بۆ سەپاندنی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەندامانی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكی لە هەردوو لیستی دیموكرات و كۆمارییەكان، پێشتر پڕۆژە بڕیارێكیان ئامادە كرد بوو كە پێدانی تەكنەلۆجیای ئەتۆمی بە سعوودیە یان هەر رێككەوتنێكی لەمجۆرە پێویست دەكات رەزامەندی ئەنجوومەنی پیرانی لەسەر وەربگیردرێت.

جیف میركلی و ئید ماركی لە دیموكراتەكان و راند بۆڵ لە كۆمارییەكان، پڕۆژە بڕیارەكەیان ئامادە كردووە، ئەگەر لە كۆنگرێسی ئەمەریكی دەنگی پێویست بهێنێت ئەوا هەر رێككەوتنێكی ئەمەریكا لەگەڵ عەرەبستانی سعوودیە پێوەند بە تەكنەلۆجیای ئەتۆمی پێویست دەكات رەزامەندی كۆنگرێسی لەسەر وەربگیردرێت.

هەوڵەكانی ترەمپ و ئەنجوومەنی پیران، لە كاتێكدایە عەرەبستانی سعوودیە پلانی دامەزراندنی 16 كورەی ناوەكی داناوە بە تێچووی 80 ملیار دۆلار، بەڵام دانوستاندنەكانی لەگەلڵ ئەمەریكا لەسەر ئەو پرسە لە ئێستەدا راگیراوە، بەهۆی ئەوەی سعوودیە ویستی هەیە رەزامەندی ئەمەریكا وەربگرێت بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم كە ئەمەش هەنگاوێكی گەورە ئەو وڵاتە لە دروستكردنی چەكی ئەتۆم نزیك دەكاتەوە، هەر ئەمەیشە كۆنگرێسی ئەمەریكی نیگەران كردووە و نایەوێت عەرەبستانی سعوودیە ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆم و ترسی هەیە بەرپرسانی ئەو وڵاتە عاقڵمەندانە مامەڵە لەگەڵ چەكی ئەتۆم نەكەن.

میركلی دەڵێ، زۆر پێویستە سعوودیە پابەند بكەین بە پێوەرەكانی رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەكی ئەتۆم. هاوكات سعوودیە لە هەوڵدایە بۆ دەستخستنی بەشی پێویست لە وزەی ناوەكی و دەڵێ گرنگی نادەم بە تەكنەلۆجیای ناوەكی بۆ بواری سەربازی، ئەمە لە كاتێكدایە ساڵی رابردوو لە دیمانەیەكی لەگەڵ كەناڵی "سی بی ئێس"ی ئەمەریكی، شازادە محەمەد بن سەلمان رای گەیاند ئەگەر ئێران دەستی بگات بە چەكی ناوەكی ئەوا سعوودیە چەكی ناوەكی پێش دەخات، چەندجارێكیش ئەمەی دووپات كردووەتەوە و ئەمەیش یەكێك بووە لە هۆكارەكانی رەت كردنەوەی دانوستاندنەكانی سعوودیە لەگەڵ ئەمەریكا لەسەر نە پیتاندنی یۆرانیۆم.

جێی باسە دانوستاندنەكانی پێشتری ئەمەریكا و كۆمپانیاكانی وزەی ناوەكی ئەمەریكی، بە رەت كردنەوەی سعوودیە كۆتایی هاتووە كاتێك كۆمپانیاكان داوایان لە سعوودیە كردووە گەرەنتی فەرمی بدات كە تەكنەلۆجیای ناوەكی بۆ دروست كردنی چەكی ئەتۆم بەكار ناهێنێت.

بەڵام بەگوێرەی راپۆرتێكی گۆڤاری "نیوزویك"ی ئەمەریكی، ئاماژەی بەوە داوە كە دۆناڵد ترەمپ ئەوە بە گرنگ نابینێت سعوودیە ناچار بكرێت گەرەنتی لەمجۆرە بدات.

گۆڤارەكە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگاداری كۆنگرێس بڵاوی كردووەتەوە، پەیوەنی نهێنی تەلەفۆنی هەبووە لە نێوان بەرپرسانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ و كۆمپانیاكانی وزەی ناوەكی ئەمەریكی لەسەر ئەو پرسە، دەڵێ ئەگەر كۆمپانیاكان رازی ببن ئەوا دەستكەوتی بازرگانیەكی زۆر بەهێزیان دەست دەكەوێت.

كۆشكی سپی و عەرەبستانی سعوودیە رەتی دەكەنەوە هیچ لێدوانێك لەسەر ئەو پرسە بۆ میدیاكان بدەن، بەڵام بەگوێرەی ناوەڕۆكی راپۆرتەكەی كۆنگرێس بێت، ئەوا دیداری نێوان بەرپرسانی كۆشكی سپی لە سەرووی هەموویانەوە ریك بیری وەزیری وزە، جارید كۆشنەر، تۆم باراك سەرۆكی لیژنەی دانانی ترەمپ و مایكل فلین راوێژكاری پێشتری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا، بەشداریان كردووە لە دانوستاندنە نهێنییەكان.

هاوكات بەگوێرەی راپۆرتەكە هەریەكە لە كۆمپانیاكانی "ئەی بی 3 ئینتەرناشیونال" كە بەرپرسانی سەربازی و تەناهی پێشتری ئەمەریكی بەڕێوەی دەبەن، گروپێك كۆمپانیای ئەمەریكیان دامەزراندووە بۆ دروست كردنی دەیان وێستگەی ناوەكی لە سعوودیە، كۆمپانیای "ئەی سی یو ستراتجیك بارتنرز" كە كۆمپانیایەكی راوێژكاری تایبەتە بە وزەی ناوەكی و ئەلێكس كۆبسۆن سەرۆكیەتی، كۆمپانیای "كۆلۆنی نوزستار" كە ئەویش كۆمپانیایەكی راوێژكاری خانووبەرەیە و تۆم باراك خاوەنیەتی و كۆمپانیای "فللین ئینتل گروپ" كە مایكل فلین خۆی خاوەنیەتی، تێوەگلاون لە دانوستاندنە نهێنییەكان.

بەگوێرەی ناوەڕۆكی راپۆرتەكەی كۆنگرێس، فلین دەستپێشخەری "IP3"ی ناوەكی پێشخستووە، كە بە پلانی مارشاڵی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراوە و تا ئێستەش وەك راوێژكارێك لەو پڕۆژەیە كار دەكات، ئەگەرچی لە تیمەكەی ترەمپ لە حكوومەت دوورخراوەتەوە، بەڵام بەردەوام بووە لە پێشخستنی ئەو پلانە و یارمەتیدانی سعوودیە لە دەستخستنی تەكنەلۆجیای هەستیاری ناوەكی.

تا ئێستە لیژنەی چاودێری كۆنگرێسی ئەمەریكی لە بەدواداچوون بەردەوامە، لە ماوەی داهاتووشدا بڕیارە دیدار لەگەڵ كۆمپانیاكان و ئەو كەسایەتیانە بكات كە لە پلانە نێهنیەكەی نێوان ترەمپ و شازادە محەمەد تێوەگلاون.
فەرمان



وشە - فه‌رمان سادق