دوا زانیاری لەسەر ئەبوبەكر بەغدادی و ژمارەی چەكدارانی داعش لە عێراق

:: PM:09:52:20/02/2019 ‌

سەرچاوەیەیەكی تەناهی عێراقی باس لە شوێنی ئەبوبەكر بەغدادی سەركردەی رێكخراوی داعش دەكات و ئاماژە دەكات كە ئەو ئێستە لە ناوچەیەكە لە پارێزگای ئەنبار، هاوكات راپۆرتێكی نێودەوڵەتی ئاماژە دەكات كە لە عێراق و سووریا 14-18 هەزار چەكداری داعش هەن.

ئەمڕۆ شوون رایان، گوتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش رای گەیاند كە ژمارەی سەرباز و ئەفسەرەكانمان لە عێراق زیاتر لە پێنج هەزار و 200 سەرباز دەبێت ئەوان هاوكاری هێزە سەربازییەكانی عێراق دەكەن و راوێژیان پێ دەدەن.

سەرچاوەیەكی تەناهی لە پارێزگای ئەنباری عێراق ئەمڕۆ چوارشەم ئاشكرای كرد كە بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان بەغدادی لە ناوچەی حوسێنیاتە لە شارۆكەی هیت لە رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار و ئەو لە دوای جەنگی سەختی سووریا ناچار بووە بێتە رۆژئاوای عێراق. 

زیاتر گوتی، چەكدارانی داعش لە جەنگی ناو سووریا لە رۆژهەڵاتی فورات بەرەو رەبانە و باغووز بۆ ناوچە بیابانییەكانی رۆژئاوای عێراق بە یارمەتی ئەو شوانانەی لە ناوچەكە كاری قاچاغی دەكەن، هەڵاتوون، لەو كاتەی فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا هەڵاتووەكانی داعش ناكەنە ئامانج. 

لەلایەكی تر راپۆرتێكی سەنتەری نێودەوڵەتی بۆ لێكۆڵینەوەكان لەبارەی توندڕۆیی لە كۆلێجی كینگس لە لەندەن كە "بی بی سی"، بڵاوی كردەوە، بەپێی داتای فەرمی 41 هەزار و 490 كەس هەن پێوەندیان بە داعشەوە هەیە كە چوار هەزار 761یان ژنن و چوار هەزار و 640یان منداڵن ئەوان رەگەزیان بۆ 80 دەوڵەت دەگەڕێتەوە. 

زیاتر گوتی، دوای ساڵانێك لە جەنگی سەخت، هێزەكانی عێراق و شەڕوانانی سووریا توانیان بە پاڵپشتی هاوپەیمانان داعش دەربكەن و ئەو ناوانەی داگیریان كردبوو، ئازادیان بكەنەوە، لەو كاتەی ئەنتۆنیۆ گۆتیرێس ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە شوباتی 2018 رای گەیاند كە داعش 14-18 هەزار چەكداری لە عێراق و سووریا ماوە كە سێ هەزاریان بیانین.

توێژەران دەڵێن كە حەوت هەزار و 366 چەكداری بیانی داعش گەڕاونەتە وڵاتی خۆیان و نەتەوە یەكگرتووەكان وریایی دا لەبارەی ئەوانەوە كە ئەگەر لە زیندانییەكان ئازاد بكرێن، رەنگە ببنە هەڕەشەی راستەقینە. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل